بارانبارین بەردەوام دەبێ و هەورەبرووسكەشی لەگەڵدا دەبێت

ئەمڕۆ سێشەممە، ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، ڕایگەیاندووە: ئەمڕۆ تا کاتەکانی درەنگانی شەو بارانبارین بەشێوەیەکی پچڕپچڕ و رێژە مامناوەند لە ناوچە جیاجیاکاندا بەردەوام دەبێت، کە زۆرترین باران لەسەر سنووری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی دەبێت.

باسی لەوەش كردووە، سبەی چوارشەممە کاریگەریی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە لەسەر ناوچەکانمان دوور دەکەوێتەوە و ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچەھەور و کەش لە زۆربەی ناوچەکان سەقامگیر دەبێتەوە، جگە لە ھەندێ ناوچەکانی سنووری باکووری ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە و ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە لە کاتەکانی دوای نیوەرۆ بۆ ئێوارە، ئەگەری تاوەبارانی کورتخایەن و چالاکبوونی ھەورەبرووسکە دەبێت.

ئەو شارەزایەی كەشناسی لەبارەی پلەی گەرماوە دەڵێت: سبەی پلەی گەرما بە رێژەی دوو تا سێ پلەی سەدی، بەرز دەبنەوە.

ئاراس جەبار ئەوەشی خستووەتەروو، لە ئەنجامی ئەو بارانە زۆرەی لە ماوەكانی ڕابردوودا باری، کەشوھەوای ناوچەکە شێدار بووە، تا سەرەتای ھەفتەی داهاتوو، رۆژانە بەشێوەیەکی کورتخایەن ئەگەری تاوەباران و ھەورەبرووسکە لە ناوچەی جیاجیادا دەبێت، سەرەتای ھەفتەی داهاتووش 2023/3/21, شەپۆلێکی دیکەی ھەورەتریشقە و بارانبارین دەست پێدەکاتەوە و تا ماوەی چەند رۆژێک بە پچڕپچڕی کاریگەرییەكەی بەردەوام دەبێت.

Back to top button