بافڵ تاڵەبانی دژەتیرۆر بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی یەكێتی بەكار دەهێنێت
لە ماوەکانی رابردوودا، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، چەند جارێک دژەتیرۆری یەكێتی بۆ هێرشكردنە سەر ئەو سەركردە و كەسانەی نزیك لە لاهور جەنگین بەكار هێناوە. چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە بەكارهێنانی هێزەكانی یەكێتی بۆ هەلكوتانە سەر ماڵی خەڵك و سەركردە ناڕازییەكانی ئەو حیزبە هاووڵاتییانیشی تووشی ترس و دڵەڕاوكێ كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی دەست دەزگایی میدیایی “خواکوڕك” کەوتوون، لە دوای رووداوكانی 8ـی تەموز، بافڵ تاڵەبانی هێزە چەكدارەكانی یەكێتی بۆ بەرژەوەندی خۆی و لەژێر فەرمانی خۆی چەندین جار بەكارهێناوە و لە سنووری سلێمانی هەڵیكوتاوەتە سەر چەندان كەسی حیزبەكەی و بە گوشاری هێز ناچاری كردوون پابەندی بڕیارەكانی بن.
لە چەند رۆژی رابردوودا، هێرشكراوەتە سەر منداڵەكانی لاهور جەنگی و دوو لە ئۆتۆمبێلەكان و شۆفێرەكانی لە لایەن ئەو هێزەوە رفێندران، هەروەها چوونەتە سەر ماڵی پەروین كاكە حەمە و ئۆتۆمبێلەكانیان لێ وەرگرتووەتەوە و دزیویانە، لەگەڵ چوونە سەر ماڵی لیوا چەتۆ ساڵح و كوڕەكانی و هەڵكوتانە سەر ماڵی بەختیار كاوانی لە سلێمانی.
جیا لەمانە، چوونە سەر باخەكەی ماڵی لاهور جەنگی و كردەی گرتی چەند باخەوانێكیان كردووە كە بە گوتەی نووسینگەی رۆژنامەوانی لاهور جەنگی ئەوانە هیچ كارێكی نایاساییان نەكردووە و تەنیا باخەوان بوون.
دوایی ئەوە هەمان هێز هێرشی کردە سەر ئاراس جەنگی لە یەكێك لە بازگەكانی سنووری سلێمانی و دواین جاریش هەڵكوتانە سەر بەرپرسی پێوەندییەكانی لاهور شێخ جەنگی كە كچی پێشمەرگەیەكی دێرینی یەكێتییە بەناوی ئازاد سەگرمە.
هێشتا كردەكانی رابردووی ئەو هێزە كۆن نەبوون لەوان، لە دوای روداوەکانی 8ـی تەموز، لە رانیە موراد كانی كوردەیی و دوو لە پاسەوانەكانی كوژران، ساڵی رابردوو گرووپێكی دژەتیرۆر عەقید هاوكار جافیان لە هەولێر تیرۆر كرد، دواتریش دادگا بڕیاریدا بە گرتن و سزادانی ئەو كەسانەی كە دەستیان هەبووە لە تیرۆركردنی ئەو پلەدارە.