کەریم عەلی: ئەگەر نەزانێکیش داهاتی سلێمانی كۆبكاتەوە مانگانە 100 ملیار كەمتر كۆناكاتەوە
بەپێی “داشبۆردی شەفافیەت”ـی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەم مانگە (تا ئەمڕۆ) کۆی داهاتەکەی تەنها 53 ملیار دینارە، لە کاتێکدا لە ناوچەیەکی فراوان و دوو ئیدارەی سەربەخۆ پێکهاتووە، شەش مەرزی هەیە (دوو مەرزی نێودەوڵەتی فەرمی و چوار مەرزی نافەرمی)، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ و شارەوانی و كارەبا و تاپۆ و باج، بەڵام باس لەوە دەكرێت مانگی رابردوو داهاتی سنوورەكە زۆر كەمبووەتەوە، ئەوەش لەگەڵ داهاتی پارێزگاكە بەو هەموو سەرچاوەیەی داهات یەك ناگرێتەوە و بەپێی زانیارییەكان داهاتی سلێمانی لە كاتی ئاسایی کەمتر لە 100 ملیار دینار نییە، ئەوەش بۆ دروستكردنی گرفتە بۆ مووچەی فەرمانبەران و كارەكانی حكومەت لە سنوورەكە.
كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند، ئەگەر داهات لە سنووری پارێزگای سلێمانی رێكبخرێتەوە، مانگانە لە سەروو 100 ملیار دینارەوەیە نەك خوار 100 ملیار، تەنها مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان داهاتی مانگانەیان رێكبخرێتەوە سەرو 70 ملیار دینارە، ئەو دوو مەرزە نێودەوڵەتیین و بەردەوام ئیشوكاریان تێدا دەكرێت و گومرگی بەردەوام، بەڵام گرفتێك هەیە ئەویش بوونی دەیان كۆمپانیا لە سنوورەكە كە مانگانە بەشی زۆری داهاتی سنوورەكە بۆ ئەو كۆمپانیایانە دەڕوات و كەسی تریان لە پشتە.
هەروەها گوتی، فەرمانگەكانی حكومەت وەك شارەوانی و هاتووچۆ و كارەبا، داهاتی مانگانەی تەنها ئەو سێ فەرمانگەیە سەروو 50 ملیار دینارە، تەنها كارەبا 25 ملیار و هاتووچۆ 20 ملیار دەبێت، ناكرێت مانگانە داهاتێكی كەم بۆ سنوورەكە دابنرێت و بڵێن ئەوەندە داهاتی هەبووە، ئەگەر چاكسازی بكرێت سلێمانی زۆرترین داهاتی هەیە، ئەمە جگە لە داهاتی نەوتی كە بە تەنكەر دەڕوات، بۆیە زۆر پێویستە و دەبێت حكومەت رێكخستنەوە بۆ داهاتی سلێمانی بكات و کۆتایی بهێنێت بە کاری ئەو كۆمپانیا زۆرەی کە لە مەرزەكان بوونەتە گرفتی گەورە و هەر یەكە و بەناوێك پارە وەردەگرێت و مانگانە لە كاتی خۆیدا بەشێكی زۆری داهاتی سنوورەكە دەبەن.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گووتیشی: بۆچی ساڵانی رابردوو داهاتی ناوخۆی پارێزگاكە 150 ملیار دینار دەبوو، بۆچی ئێستا بۆ 50 ملیار دینار دابەزیووە، چی روویداوە، ئەو داهاتە بەیەكجار 100 ملیاری لێ بووەوە، ئەوان دەڵێن داهاتی سلێمانی 50 ملیارە، من دەڵێم ئەگەر بیدەینە دەست كەسێكی نەزان كۆی بكاتەوە مانگانە 100 ملیار كەمتر كۆناكاتەوە.
پێشتریش وەزیری دارایی باسی لەوەكردووە كە دەستكاری داهاتی سلێمانی و بانكەكان دەكرێت و دەستوەردان دەكرێت، لە كۆتا راگەیاندراوی وەزیری داراییش ئەوەی ئاشكرا كرد تەنها ساڵی رابردوو كورتهێنان لە بانكەكانی سلێمانی یەك ترلیۆن بووە و هەموو ئەو پارەیە بە تاڵان براوە لەلایەن كەسانێك.