نەوزاد شێخ کامیل: بەم نزیکانە پسوولەی خۆراکی مانگانە دەکرێتە كارتی ئەلیكترۆنی
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: “بۆ بەدیجیتاڵکردنی پسوولەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان، لە دهۆک یەکەم کۆبوونەوەمان کردووە و بەم نزیکانە دەست بەئامادەسازی دەکرێت، ئەویش بەهاوکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی و وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ.”
ئاماژەی بەوەش دا، پڕۆسەكە لە شاری دهۆك دەست پێدەكات، گوتیشی: “بۆ ئەوەی پسوولەی خۆراک لە دهۆک بكرێتە كارتی ئەلیكترۆنی، لەگەڵ بەڕێوەبەری بازرگانی ناوخۆ و بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک و بەڕێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عێراق و ستافی بەرنامەی خۆراکی جیهانی کۆبوونەوەمان كردووە و هەنگاوەکانی دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیەمان گفتوگۆ کردووە و پلانی گونجاو داندراوە و لەنزیکترین کاتدا دەستی پێدەكرێت.”
ئەو بەرپرسە راشیگەیاند: “پڕۆژەی بەدیجیتاڵكردنی کارتی بەشەخۆراک یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان، کە بە هۆیەوە وەزارەتی بازرگانی هەوڵ دەدات لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی كوردستان جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی لە پسوولەیەکی کاغەزەوە بگوازرێتەوە بۆ کاری ئەلیکترۆنی، ئەمەش هەموو رێکارەکانی پەیوەست بە کارتی بەشەخۆراکی ئاسانتر دەکات.”