حکومەتی هەرێم : پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە زاخۆ جێبه‌جێ ده‌كرێ

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و رێکخستنی شەقامەکانی دەورووبەری پردی دەلال لە زاخۆ، گەیشتووەتە قۆناخی کۆتاییی کارەکانی و تا ئێستا ٩٥٪ـی کارەکانی تەواو بووە.

هێژا محەمەد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە: “پڕۆژەکە چەندان بەش لەخۆ دەگرێت و کۆی گشتیی گوژمەکەشی شەش ملیار و ١٠٠ ملیۆن دینارە و کارکردن تێیدا بەردەوامە”.

جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەبارەی بەشە تەواوبووەکانی پڕۆژەکەوە گوتی: “شەقامێکی دووسایدی ٣٠ مەترییە، بە درێژایی ٢٢٠٠ مەتر، بۆڕی ئاوەڕۆ بەدرێژایی ١١٠٠ مەتر، ئاوەڕۆی سندووقی بەدرێژایی ٦٥٠ مەتر، کۆنکرێتکردن بە درێژایی ٧٠٠ مەتر و دانانی شۆستەکان بە شتایگەر بەدرێژایی شەش هەزار مەتر”.

لە پڕۆسەی قیرتاوکردنی شەقامەکە، ٦٩ هەزار مەتر دووجا قیر بەکارهێنراوە و ١٣٢ ستوونی کارەباش بۆ رووناککردنەوەی شەقامەکە جێگیر کراون.

لەبارەی جوانکاریی شەقامەکەوە، هێژا محەممەد گوتی: “هێڵکاریی تەواو بۆ شەقامەکە کراوە، دانانی هێماکانی هاتووچۆ و سەوزکردنی نێوان و دەوروبەری شەقامەکە ماوە”.

ئەم پڕۆژەیە، پڕۆژەیەکی گرنگی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەپێناو ئاسانکاریی هاتووچۆکردنی هاووڵاتییان جێبەجێ کراوە.

Back to top button