شێروان زرار : بۆ ئه‌نجامدانی هەڵبژاردن دەبێت تا مانگی 5 گرفته یاساییه‌كانی کۆمسیۆن چاره‌سه‌ر بكرێن
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردن و راپرسی له هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: “دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە واتای راسپاردنی کۆمسیۆنە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، و بۆ ئەوەی بتوانین هەڵبژاردن لەو وادەیەی دریاریکراوە ئەنجام بدەین، دەبێت تا مانگی پێنج کێشەکانی کۆمسیۆن چارەسەر بکرێت.”
شێروان زرار گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، “ئێمە ئێستا ناتوانین ئامادەکارییەکان دەست پێ بکەین، چونكه ماوەی یاساییمان بەسەرچووە و دوو کورسی کۆمسیارانیش چۆڵن، بۆیه دەبێت کێشەی ماوەی یاسایی چاره‌سه‌ر بكرێت و دوو کۆمسیارەکەش شوێنیان پڕبکرێتەوە، ئەوکات دەتوانین دەست بە رێکكارەکان بکەین.”
لەبارەی ئەو ماوه‌یه‌ش کە کۆمسیۆنه‌كه پێویستیەتی بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن، گوتی: “پێویستمان به شەش مانگە، لەبەر ئەوە دەبێت تا مانگی پێنجی ئەمساڵ گرفته یاساییه‌كانی كۆمسیۆن چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆ ئەوەی بتوانین لە وادەی 18/11/2023، كه له لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه دیاری كراوه، هەڵبژاردن ئەنجام بدەین.”