مەسرور بارزانی نامه‌يه‌كى له‌ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانياوه‌ پێ گەیشت

ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، نامه‌يه‌كى له‌ ئانالێنا بێربۆك وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانياوه‌ پێ گه‌يشت.

لە نامەکەدا وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا، سوپاسی سەرۆکی حکومەت دەکات بۆ پێشوازیی گەرم و دۆستانەی لە کاتی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان له‌ ڕۆژانى 7 ـ 10ی ئادار، هەروەها جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى پشتيوانيى ئەڵمانیا بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌.

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا، لە نامەکەیدا هەروەها دەڵێ: خۆشحاڵبووم لە بەڕێزتانم بیست، کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافەکانی ژنان و میدیاکاران، جێگەی بایەخی تایبەتی حكومەتەکەتانە. هەروەها پیشوازیی گەرم لەوە دەکەم، کە دەتانەوێت چالاکانە رووبەڕووی کاریگەرییەکانی قەیرانی کەشوهەوا ببنەوە. هەموو ئەمانە پێشمەرجی ئەوەن، خەڵک لە نیشتمانی خۆیان ئاسۆی ئایندە ببینن.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا نووسیویەتی سوپاستان دەکەم بۆ ئەوەی کە هەرێمەکەتان لە ساڵی 2014وە زۆرترین ئاوارەی ناوخۆی لە سەرتاسەری عێراقەوە گرتوونەتە خۆی و تا ئێستاش دەیانپاریزێت. ئێزیدی، مەسیحی و خەڵکی سەر بە کەمینەکانی دیکەش پێویستیان بە ئاسۆگەلێکی ئایندەیی هەیە، کە لە ژیانی نێو کەمپەکان زیاتر بێت و ئاسایشێکی جڤاتی و کۆمەڵایەتییان پێ ببەخشیت. دەمەوێت هانتان بدەم، لەم بارەیەوە هەم لە هەرێمەکەتان و هەم لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدادا لەکارکردن لەسەر ئەمە بەردەوام بن.

لە کۆتایی نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیادا هاتووە: هیواخوازم، کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، دوای پێکهێنانی سەرکەوتووانەی حکومەت لە بەغدا، لەسەر بناغەیەکی نوێ و جێمتمانە بنیات بنرێن، بۆ ئەوەی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی عێراق و هەرێم بە باشترین شێوە بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەی بەکاربهێنرێن.

Back to top button