شوان محەمەد: خالید شوانی خۆی بڕگەکانی یاساکەی لەگەڵمان هەموار دەکرد، کەچی ئێستا لێی هەڵگەڕاوەتەوە
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسۆنی پارتی لەبارەی ئەو هەڵایەی خالید شوانی و حزبەکەی لەسەر یاسای هەڵبژاردن دروستیان کردووە دەڵێ، خالید شوانی تا کاتژمێر ١٠ی شەو لە فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ ئێمە بوو، خۆی هەمواری رەشنووسەکانی دەکرد و راستی دەکردنەوە، تا کۆتایی و پەسەندکردنی یاساکە پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی لە هۆڵی دانیشتنەکان لەژوورەوە بوون و لە تەنیشت یەکەوە دانیشتبوون، یەک تێبینیشیان نەبوو، بەڵام دوای دەمەقاڵێی پارتی لەگەڵ جەماعەتی رەیان کلدانی لەسەر کورسیی مەسیحییەکانی هەولێر و دهۆک، یەکێتی لەبەر ئەوەی هاوپەیمان و دۆستی رەیان کلدانییە، ئەو بەزمەیان دروست کرد.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە راگەیاند: بەداخەوە یەکێتی گرێیەکی گەورەی دەروونییان بەرامبەر پارتی هەیە، ئەوان حەز دەکەن کورسیی مەسیحییەکانی هەولێر و دهۆک، تەنانەت ئێزدییەکانیش حەشد و نەیارانی کورد بیبەن و خەڵکێک بکەنە نوێنەری ئەو پێکهاتانە کە لە راستیدا بەرپرسیارن لەو نەهامەتیانەی تووشی پێکهاتەکانیان بووە. لەلایەکی دیکەشەوە، یەکێتی سرووشتێکی سەیری هەیە، هەمیشە لەسەرەتای بابەت لەگەڵتدان تا دەگاتە کۆتایی، بەڵام لەکۆتاییدا تێکی دەدەن، هەروەک چۆن بۆ ریفراندۆمیش وایان کرد، کاک خالید شوانی، وەزیری داد، تا کاتژمێر ١٠ی شەو لە فراکسیۆنی پارتی بوو، خۆی هەمواری رەشنووسەکانی دەکرد و راستی دەکردنەوە، تا یاساکە گەیشت بە کۆتایی و تا بەرەبەیان هەموو ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی لەتەنیشت یەک لە هۆڵی پەرلەمان دانیشتبوون، ئەوان هیچ رەخنە و تێبینییەکیان نەبوو، بڵێن پارتی وەرن ئەم بڕگە یان خاڵە ئاوا نەبێ و ئاوا بێت.
ئەوەشی خستە رووو کە ئاڵۆزی و شەڕ لەنێوان جەماعەتی رەیان کلدانی و مەسیحییەکانی سەر بە حەشد لەگەڵ پارتی دروست بوو، چونکە ئەوان دەیانویست وەک پێشتر کورسیی مەسیحییەکانی دهۆک و هەولێر ببەن، پارتییش ئەمەی قبووڵ نەکرد و داکۆکیی لەوە کرد، کە هەولێر و دهۆک دەبێ خۆیان کاندیدیان هەبێ و کاندیدەکانیان دانیشتووی هەولێر و دهۆک بن و بە دەنگی هەولێر و دهۆک سەر بکەون، نەک ڕەیان کلدانی کاندیدێکی مەسیحیی خەڵکی بەغدا لەسەر دهۆک دابنێت و ١٥ هەزار دەنگی حەشدی شەعبیی نەجەف و کەربەلای بۆ کۆ بکاتەوە و کورسیی مەسیحییەکانی دهۆک و هەولێر ببەن، پارتی ئەمەی قبووڵ نەکرد، چونکە خۆمان بە داکۆکیکاری پلە یەکی مەسیحییەکان و سەرجەم ئایین و نەتەوەکانی دیكە دەزانین، پێم وانییە شەڕی یەکێتی لەپێناو کەرکووک و بۆ کەرکووکییەکان بێت، بەڵکوو ئەوان ململانێیەکی لاواز و نالۆژیکیی پارتی دەکەن، ئیتر کەرکووک و کوردیش ببنە قوربانیی کێشەیان نییە، ئەگەر بۆ کەرکووک بوایە دەبوا هەر لەسەرەتاوە بە پارتییان گوتبا با نەچینە ژوورەوە و پێکەوە بەیاننامەیەکمان دەرکردایە و بایکۆتمان بکردایە و هەڵوێستێکی هاوبەشمان ببوایە.