پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ یادی دامەزراندنی هەردوو حیزبی شیوعی عێراق و کوردستان
بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی هەردوو حیزبی شیوعی عێراق و کوردستان
بەبۆنەی 31ـی ئادار ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی شیوعی عێراق و حیزبی شیوعی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانتان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
حزبی شیوعی، حیزبێكی تێكۆشەر و شۆڕشگێڕ و خاوەن مێژوو و قوربانیدانێكی زۆرە و جێدەستیان لە خەباتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی گەلانی عێراق و گەلی كوردستاندا دیارە. جێگەی پێزانینە كە شیوعییەكان هەمیشە بڕوایان بە مافە رەواكانی گەلی كوردستان هەبووە و لە زۆر قۆناغدا پشتیوان و هاوسەنگەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بوونە.
لە یادی دامەزراندنی هەردوو حیزبی شیوعی کوردستان و عێراقدا هیوای بەردەوامی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لە خەبات و تێكۆشانتاندا.
مسعود بارزانی
31ـی ئاداری 2023