كۆمپانیای ساوس کوردستان نهێنیی‌ په‌لاماردانیان لەلایەن پاسەوانەکانی هاوڕێ‌ مه‌لا ستار ئاشكرا كرد

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە راگەیێندراوێکدا، گرووپی‌ كۆمپانیاكانی‌ ساوس كوردستان له‌باره‌ی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر كۆمپانیاكه‌یان له‌لایه‌ن هاوڕێ‌ مه‌لا ستار په‌رله‌مانتاری‌ یه‌كێتی‌ و هاوەڵزاوای‌ بافڵ تاڵه‌بانی‌ رایگەیاند، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌ خۆی سێ‌ ئۆتۆمبێلی پڕ چه‌كدار و ده‌مامكدار و پۆشاكی نافه‌رمییه‌وه‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر هۆتێلێكمان.

دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمپانیای ساوس کوردستان :-

راگەیێندراوی فەرمیی گروپی کۆمپانیاکانی ساوث کوردستان لەبارەی ڕووداوی تەقەکردن و هێرشکردنە سەر پرۆژە و کۆمپانیاکانمانەوە لەلایەن چەکدارانی پەرلەمانتارێکەوە

رۆژی یەک شەممە، ٢ی ٤ی ٢٠٢٣، وەکو هەر رۆژێکی دیکە کارمەندانی گروپەکەمان لەناو شاری دایک سەرقاڵی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بوون، لەناکاو لە دەروازەی سەرەوەی شاری دایک چەند ئۆتۆمبێلێکی [درع] و ژمارەیەکی زۆری چەکداری دەمامکدار هێرشیانکردۆتە سەر شاری دایک و بە هەڕەمەکی تەقەیان کردوە، بەم رەفتارەشیان گیان و ماڵی کارمەندانی گروپەکەمان و دانیشتوانی شاری دایکیان خستۆتە مەترسییەوە.

لێرەوە بۆ رای گشتیی رووندەکەینەوە کە رووداوەکە بەمشێوەیە بووە:

لە رێکەوتی ١ی ٤ی ٢٠٢٣ پەرلەمانتار [هاوڕێ مەلا ستار] کەسێک بۆ ساوس کوردستان گروپ دەنێرێت کە ئۆفیسی بەڕێز سامان فایەق حاجی عەلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپەکەمانی لێیە و داوا دەکات کە نرخی شوقەی ئەو پەرلەمانتارە کە لەناو شاری دایکە کەم بکرێتەوە و مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ بکرێت، بەڵام چاوەڕێی وەڵام ناکات و بە تەلەفۆنی خۆی و بە تەلەفۆنی چەکدارەکانی دەوروبەری پەیوەندی دەکات و دەڵێت [ئەم نرخەم بۆ کەم نەکەنەوە ئەوا دێمە سەرتان و کەرامەتتان دەشکێنم!] دوای ئەوەی هیچ وەڵامێکی ئەرێنیی لەلایەن گروپ و کاک سامانەوە پێ ناگات، هەمان رۆژ و لە ١ی ٤، کاتژمێر ٨:٠٠ شەو و لەو کاتەی میوانەکانی یەکێک لە هۆتێڵە ٥ ئەستێرەکانی سەر بە گروپەکەمان بۆ بەربانگکردنەوە و بەسەربردنی شەوێکی ئارام سەردانی رێستۆرانتێکی هۆتێلەکەیان کردبوو، ئەو پەرلەمانتارە بە خۆی و ٣ ئۆتۆمبێلی پڕ چەکدار و دەمامکدار و پۆشاکی نافەرمییەوە هەڵدەکوتنە سەر هۆتێلەکە و پرسیاری کاک سامان و ناونیشانی کاک سامان دەکەن، ستافی هۆتێلەکەش پێیان راگەیاندون ماوەیەکی زۆرە کاک سامان سەردانی هۆتێلەکەی نەکردوە.

سەر لەبەیانی رۆژی یەک شەممە، دوو پارێزەری سامان حاجی فایەق [ئاسایشی بەکرەجۆ و ئاسایشی گشتی و دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش]یان لە رووداوەکە ئاگادارکردۆتەوە کە هاوڕێ مەلا ستار بە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر چەکدارەوە بۆ فڕاندنی سامان حاجی فایەق هاتوون.

دواتر و ئەمڕۆ یەک شەممە، ٢ی ٤ی ٢٠٢٣، جارێکی دیکە بەهەمان ٣ ئۆتۆمبیلی درع و ژمارەیەکی زۆرتر چەکدارەوە هەڵدەکوتنە سەر ئۆفیسی سەرەکیی بەڕێز سامان حاجی فایەق لەناو پرۆژەی نیشتەجێبونی شاری دایک و زیاتر لە ٣٠ خولەک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقە دەکەن. دواتر برینداری لێکەوتۆتەوە و ئێمەش وەکو هەر هاووڵاتییەکی ئەم هەرێمە بەداخین و بریندارین لە ئاست ئەم ڕەفتارە نەشیاو و دوور لە یاسایەی ئەم پەرلەمانتارە، ئایا پەرلەمانتار پارێزەری ماڵ و حاڵی خەڵکە یان پێشێلکار و پەلاماردەر!

دواتر بۆمان دەرکەوت ئەو پەرلەمانتارەی کە خۆی یاسادانەرە و نوێنەری گەلە پێشێلی یاسای کردوە و چەکدارەکانی راسپاردووە هێرشمان بکەنەسەر و لەلایەکی دیکەشەوە باس لەوە دەکات گوایە لەناوی شاری دایکەوە هێرشیان کراوەتەسەر، ڤیدیۆکان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن کە ئێمە لەناو پرۆژەی خۆمان بووین و ئەوان دەستدرێژیان کردوینەتەسەر و ویستویانە ئازارمان پێ بگەیەنن. ئێمە سەر لەبەری ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە و داوا لە یاسا و بەرپرسانی پەیوەندیداری پارێزگای سلێمانی و حکومەت دەکەین بەدواداچوون بکەن و مافمان بۆ بگەڕێننەوە و رێگە نەدەن شاری سلێمانی ببێتە جێگەیەک یاسای تیادا سەروەر نەبێت و بە میزاجی کەسی بابەتەکانت یەکلابکرێنەوە، چونکە ئەو کەسە بە پیشەی پەرلەمانتاری پەلاماری ئێمە و پرۆژەکانمانی نەداوە و لەو ڤیدیۆیەیش روونە بە چەند ئۆتۆمبێلێک هەڵیاکوتاوە سەر ئەو هۆتێلەی کە خاوەندارێیتییەکەی بۆ گروپەکەمان دەگەڕێتەوە، گەر بڕواننە چەکی دەست و جل و بەرگەکانیان بۆتان دەردەکەوێت وەکو شەخسی هێرشیان کردووە! ئێمە سەیرە بەلامانەوە پەرلەمانتارێکی کوردستان خاوەنی زیاتر لە ٢٠ چەکدار و ئۆتۆمبیێلی درع بێت و چۆنی ویست وا هەڵسوکەوت بکات، بە فەرمی داوای ئیجرائات لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین بەرانبەر بە رەفتاری ئەم پەرلەمانتارەی. هاوکات، دەشپرسین ئایا دەکرێت پەرلەمانتاری باڵاترین دامەزراوەی ئەم هەرێمە بەو شێوەیە رەفتار بکات؟ ئایا کاتێک نوێنەرانی وڵاتان ئەم رووداوانە دەبیستنەوە چی بە هەرێمەکەمان دەڵێن؟ ئایا ئەمە پاداشتی پرۆژەکانمانە کە ویستومانە لە رێگەیانەوە خزمەتی خاک و هاووڵاتییان بکەین!

سامان حاجی فایەق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ساوس کوردستان گروپ، دووپاتی دەکاتەوە کە کێشەی کەسیی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە نییە و تەنانەت دوای ئەوەی داوای داشکاندنی تایبەتی بۆ شوقەکەی کردووە و پەرلەمانتارەکە لەڕێگەی چەندین ژمارە تەلەفۆنەوە قسەی نەشیاوی پێوتوە، دیسان بڕیاریان داوە بە یاسا ئەو بابەتە یەکلا بکرێتەوە.

ئەو جێگەیەی رووداوەکەی تیادا روویداوە جێگەیەکی مەدەنییە و شاری نیشتەجێبوون و کارمەندانی گروپی کۆمپانیاکانی ساوس کوردستان کاری تیادا دەکەن، ئێمە دەپرسین: ئایا بۆچی بەوشێوەیە هێرش دەکرێتە سەر جێگەیەک کە هێزی سەربازیی تیادا جێگیر نەکراوە جگە لە کارمەندانی سێکیوریتیی پرۆژەکە کە لە هەموو پرۆژەیەک بوونیان هەیە، ئایا گەر شاری دایک و جێبەجێکارانی شاری دایک کەسانێکی ناشایستەن بۆچی ئەو پەرلەمانتارە لەناو ئەم پرۆژەیە شوقەی هەیە و نیشتەجێبووی ئەم پرۆژەیەیە کە پرۆژەی شاری دایکە.

ئەو پەرلەمانتارەی کە پاسەوانەکانی راسپاردبوو بێنە سەر شاری دایک، باس لەوە دەکات کە بەهۆی لێدوانەکانی لەسەر وەبەرهێنەران ئەمەی لەگەڵ کراوە، ئێمە بۆ رای گشتی روونی دەکەینەوە کە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەدا نییە و ئەوە ئەو پەرلەمانتارەیە کە ویستویەتی کەسێکی مەدەنی لەناو کۆمپانیایەک بڕفێنێت، کاتێک کۆمپانیاکە نەچوەتە ژێر باری داواکارییەکانی.

جارێکی دیکە دەپرسین: گەر هاوڕێ مەلا ستار خاوەن حەقە بۆ رێگەی یاسا و دادگایی نەگرتۆتەبەر؟ خۆ ئێوە خۆتان بە کەسێکی مافپەروەر دەزانن! بۆچی دەتانەوێت بە هەڵکوتانەسەر ئەوەی مەبەستتانە بیسەپێنن؟

گروپی کۆمپانیاکانی ساوث کوردستان دوپاتی دەکاتەوە و داوا دەکات ئەم رووداوەش وەکو رووداوەکانی دیکە تێ نەپەڕێت و سەرپێچیکاران سزا بدرێن، لای خۆشمانەوە رێگەی یاسا دەگرینەبەر بەرانبەر بەم دەستدرێژی و تەعەدایەی لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە کراوەتە سەرمان.

ساوث کوردستان گروپ

٢ی ٤ی ٢٠٢٣

 

 

 

Back to top button