لە سنووری سلێمانی مافیا حکوم دەکات

سەهل سوورچی:

لە سنووری سلێمانی مافیا حکوم دەکات ،ئەمە زیادەڕۆیی نیە بەڵکو راستییەکی تاڵە کە دەبێت دانی پێدابنرێت ، جاران زۆر کات گوێمان لێ دەبوو لە فڵان وڵات مافیا چەند شارێک بەڕێوەدەبات کە لە لامان شۆک دەبوو ،بەڵام خۆمان بینیمان ، ئەمە بۆ ئێستای سلێمانیش گونجاوە ، تەنها لە ماوەی مانگێک ، دەیان هەڵکوتانەسەرو بردنی ئۆتۆمبێل و کوشتن ڕوویانداوە،ڕۆژ نیە دەنگی تەقە لە کۆڵانەکانی شار نەبیسترێت،لە کۆتا جاریش پەڕلەمانتارێکی یەکێتی بە کۆمەڵێک چەکدار دەردەکەوێت هەڵدەکوتێتە سەر شوقە و خاوەن پڕۆژەکان تەقە دەکات و خەڵک بریندار دەکات،کەسیش بۆی نیە قسەبکات، ئەم حاڵەتانە نوێ نین و پێشوتریش کراون ، خەڵک کوژراوە دوای هاوشێوەی مافیا بە جانتایەک پارە حەل کراوە.

لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی گەنجان بێی هۆکار خەڵتانی خوێن دەکرێن وەک ئەو گەنجەی شەوی رابردووی سەیدسادق کە کەس نازانێ ئەو هێزەی یەکێتی بۆ تەقەی لەو گەڕەکە کرد و کوشتی، خۆ قاچاغی و دزینی داهاتیش لە لوتکەیە ، فەرموون بەو رەمەزانە چی لە خانەنشینان دەکرێت و مووچەیان پێنادرێت لە شارەکانی وەک هەولێر و دهۆک مووچەی مانگی سێ وا دابەشدەکرێت ، هێشتان ئەوان خەریکی مووچەی مانگی ۲ی ئەمساڵن، بە عەلاگە پارە دەبەنە بانکەکان ،ئەگەر مافیا ئاوا نەبێت واتای مافیا چییە؟ئایا زیاتر هەڵدەگرێت؟ئەوەی زوڵمی لێ دەکرێت ناوێرێت دەنگ هەڵبڕێت ، ئەوەی زوڵمیش دەکات میدیای بەکرێگیراو نوسەرو بەناو رۆژنامەنووسان بۆیان پینە و پەڕۆ دەکەن، ئەوانەشی لەو بازنەیە نین دەستگیردەکرێن و دژەتیرۆری یەکێتی دەچێتە سەر ماڵی و دەیگرێت بە نموونەی زۆرەوە ، بەداخەوە ئیتر ئەمە سلێمانییە ئاوای لێکراوە،بەڵام ئەم گرووپە باکی نییە بەوەی کە چی دەکەن ،هەموو ئامانجیان ئەوەیە ناوبانگی هەرێم لەکەدار بکەن ،چونکە مافییا هیچی نیە لەدەست بدات هەمیشە ئامانجیان تێکدان و کارە نایاساییەکانی خۆیانن…

Back to top button