دەقی قسەكانی مەسرور بارزانی لە پرێس كۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی

ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی 4ـی 2023 رێککەوتنی نەوتی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە واژۆ کرا.

دەقی قسەكانی مەسرور بارزانی لە پرێس كۆنفرانسە هاوبەشەكەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

زۆر زۆر سوپاس جەنابی سەرۆك وەزیران

سوپاسی ئەو پێشوازییەی جەنابت و شاندی حكومەتی فیدراڵی دەكەم كە لە ئێمەتان كرد.

بێ گومان ئەم رێككەوتنە، رێككەوتنێكی گرنگە بۆ هەموو خەڵكی عێراق، من لێرەوە دەمەوێ هەم دەستخۆشی لە جەنابت بكەم و سوپاسی جەنابت بكەم، هەروەها پیرۆزباییش لە هەموو خەڵكی عێراق و خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەم بۆ ئەم رێككەوتنە گرنگە كە پێم وایە دەتوانێ ببێتە بنەمایەك بۆ موازەنە و هەتا یاسای نەوت و غازیش، ئەگەر بە شێوەیەكی رێكوپێك جێبەجێ بكرێت، ئەمە وەكوو بنەمایەك بەكار بێت.

بێگومان دوای وەستاندنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، زیان تەنیا بە خەڵكی هەرێمی كوردستان نەكەوتووە، بەڵكوو زیان بە هەموو خەڵكی عێراق كەوتووە. ئێستا ئەو ئالیەتە بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، دەبێتە داهاتێكی زیاتر بۆ هەموو عێراق و هەموومان دەتوانین تێیدا سوودمەند بین.

لێرەوە دەمەوێ هەموو لایەك دڵنیا بكەمەوە كە لە سەرەتاوە نیەتی ئێمە بۆ ئەوە بووە كە بگەینە رێككەوتنێكی باش لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەبێ ئەوەی ئێمە واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خۆمان بێنین، بەڵكوو ئەم رێككەوتنە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستانە لەسەر بنەمای دەستوور و ئەو یاسا بەركارانەی كە هەن.

لێرەوە من دەمەوێ سوپاسی جەنابی سەرۆك بارزانی بكەم بۆ ئەو متمانە و پشتیوانییەی بەردەوام بە ئێمەی هەبووە، هەروەها سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەم بۆ پشتیوانیی بەردەوامیان لەم پرۆسەیە، سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش بكەم كە دەورێكی كاریگەر و ئەرێنییان  هەبووە لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە. سوپاسی شاندی حكومەتی فیدراڵی دەكەم بۆ پشتیوانییان بۆ رێككەوتن لەگەڵ شاندی ئێمە.

هەروەها سوپاسی شاندی هەرێمی كوردستانیش دەكەم كە لەم ماوەیەدا بە شێوەیەكی زۆر چڕ توانییان ئەم گفتوگۆیانە بگەیەنن بە ئەنجام كە خێری هەموو خەڵكی عێراقی تێدا بێت.

جارێكی تر من دەستخۆشی و سوپاسی جەنابی سەرۆك وەزیران دەكەم، كە بە راستی وەكوو سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراق كە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عێراقی بە خەڵكی هەرێمی كوردستانیشەوە لەبەرچاو گرتووە و لەژێر چاودێریی بەڕێزیان ئەم رێككەوتنە كراوە. هیوادارم و دڵنیاشم كە سوودی بۆ هەموو خەڵكی عێراق دەبێت. جارێكی تر پیرۆزباییتان لێ دەكەم و دەستخۆشیتان لێ دەكەم.

لە بەشێکی پرێس كۆنفرانسە هاوبەشەكەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، مەسرور بارزانی وەڵامی پرسیاری پەیامنێرانی دایەوە:

پرسیار: ئەم ڕێككەوتنەی ئەمڕۆ كاتییە تاوەكوو یاسای نەوت و غاز لە عێراق دەردەچێت، یان رێككەوتنێكی درێژخایەن دەبێت؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ ئەم ڕێككەوتنە رێككەوتنێكی كاتییە، بەڵام هەموو بنەماكانی ئەم رێككەوتنە دیسان لە بودجە و یاسای نەوت و غازیش رەنگ دەدەنەوە، لەبەر ئەوە جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە بە شێوەیەكی رێكوپێك پێم وایە دەتوانێت ببێتە ئەساسێك بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرین لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و غازیش.

پرسیار: زۆرجار ڕێككەوتن كراوە و جێبەجێ نەكراوە، هەندێک جاریش ئەو گلەییە هەبوو كە دەستوور جێبەجێ نەكراوە؟ تا چەند چاوەڕێن ئەم رێككەوتنە ببێتە هۆی ئەوەی بەشێك لە كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێت، بەتایبەتیش لە پرسی نەوت كە چەندین ساڵە كێشەیەكە و چارەسەر نەكراوە؟

مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس، ئەم جارە من دڵنیام بە وجوودی جەنابی سەرۆك وەزیران، ئەم رێككەوتنە وەكوو خۆی جێبەجێ دەكرێت. هیوادارم ئەو تیمانەی كە تەكلیف دەكرێن بۆ چارەسەركردنی بابەتە هونەرییەكانی جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە، زوو پەلە بكەن لە تەواوكردنی ئەم پرۆسەیە بۆ ئەوەی چیی تر خەڵكی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە زەرەرمەند نەبن.

بوونی جەنابیان و ئەو ئیلتزامەی كە هەموو لایەكمان پێشانی دەدەین هیوادارم گەرەنتیی ئەوە بێت كە ئەم ڕێككەوتنە وەكوو خۆی بتوانرێت جێبەجێ بكرێت. دڵنیاشم ئەمە دەبێتە دەستپێكێكی باشتر بۆ ئەم هەموو هاوكارییانە و كاركردنی پێكەوە. وەكوو جەنابی سەرۆك وەزیرانیش باسی كرد چیی تر باسی كێشە نەكەین، بەڵكوو باسی ئەو دەرفەتانە بكەین كە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەن، ئێمە بتوانین ئەمە وەكوو قۆناغێك، وەكوو دەستپێكێك بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی زیاتری هەردوولا كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت، دەست پێ بكەین، ئینشائەڵڵا سەركەوتن بۆ خەڵكی هەموو عێراق دەبێت.

Back to top button