بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی و سەرۆك وەزیرانی فیدرال رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت واژۆ کرا

ئەمڕۆ سێشەممە 4ی نیسانی 2023، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدرال محەمەد شیاع سوودانی كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرال كرا، هەروەها رێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا ، كە رێككەوتنێكی كاتییە تا پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدرال یان یاسای نەوت و غاز.

لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، جەختی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە وەك خۆی و لە نزیكترین دەرفەتدا کردەوە تاوەكوو ببێتە بنەمایەك لەپێناو پتەوكردنی گیانی هاوبەشی و قووڵكردنەوەی متمانە لەنێوان هەردوو لادا.

سەرۆك وەزیرانی فیدرال، هیوای خواست كە رێككەوتنەكە ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان و گوتی: ”بەرژەوەندیمان لە جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندیی سەرجەم عێراقییەكانە“.

هەروەها روونیكردەوە كە ئەم رێككەوتنە ، دەبێتە بنەمایەك بۆ جێبەجێكردنی هەردوو یاسای بودجەی گشتیی فیدرال و یاسای نەوت و غازی فیدرال بە گیانێكی هاوبەش، پاش پەسەندکردنیان.

دواتر بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆک وەزیرانی فیدرال، لە رێوڕەسمێکدا ، رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش واژۆکرا .

پاشان هەردوولا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا و تێیدا باسیان لە وردەكاریی رێككەوتنەكە كرد و وەڵامی پرسیاری ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانیشیان دایەوە.

بڕیارە بەپێی رێککەوتنەکە ، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەست پێ بکاتەوە.

Back to top button