لە رێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)، مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە یەك رۆژدا دابەش دەكرێ

عه‌زیز ئه‌حمه‌د، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگەی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند: “بەپێی ئامانجی پڕۆژەی (هەژماری من)، دوای تەواوبوونی پڕۆژەكە، هەموو وەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەت و مووچەخۆران بە یەك رۆژ مووچەیان وەردەگرن و كێشەی دابەشكردنی مووچە نامێنێت.”

رۆژی 28/2/2023، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستپێكردنی دەستپێشخەریی (هەژماری من)ـی راگه‌یاند، کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان.

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگەی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا: “پڕۆژەكە وەكو قۆناغی یەكەم و ھەنگاوی تاقیكاری بۆ فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتان لە هەولێر دەستی پێكردووە، سەرەتا بە سێ گرووپ، واتا سێ ڕۆژ مووچەیان دابەش كرا، ئەو مانگە كرایە دوو گرووپ و دوو ڕۆژ، لە مانگی داهاتوودا هەمووی بە یەك گرووپ و لە یەك ڕۆژدا دابەش دەكرێت.”

عەزیز ئەحمەد گوتیشی: “پلان هەیە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، یەک ملیۆن مووچەخۆری کەرتی گشتی لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ببنە خاوەنی کارتی بانکی، هەروەها کار دەکەن لە کەرتی تایبەتیش هەمان پرۆسە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش 100 هەزار ئامێری خوێندنەوەی کارتی بانکی دابین دەکرێت و دابەش دەکرێت، لەگەڵ تەرخانکردنی هەزار و 200 ئامێری راکێشانی پارە، کە رەچاوی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کراوە و ئەو ئامێرانە لەلایەن بانکەکانەوە دابین دەکرێت.”

ئەو گوتیشی: “فەرمانبەرانی كەرتی گشتی، بە فەرمانبەری ئاسایی و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەكانەوە، بە شێوەیەكی گونجاو لە ڕێگەی ئامێری راکێشانی پارە (ATM) دەتوانن سوود وەربگرن، ئێمە بە نیازین لەگەڵ بانكەكان، هەزار بنكەی راكێشانی پارە لە تەواوی هەرێمی كوردستان دابنرێن و فەرمانبەران لەو شوێنانە دەتوانن پارەی خۆیان رابكێشن و پێویست بە نۆرەگرتن ناكات، هەروەها لە داھاتووشدا فەرمانبەران دەتوانن سوود لە ئۆفەری بانکی، وەکو پاشەکەوت و قەرزکردن و زۆر خزمەتگوزاریی دیكە ببینن.”

Back to top button