ئەنجومەنی وەزیران رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی نیسانی 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و واژووکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەم رێککەوتنە، دەسکەوتێکی گرنگە و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدرال محەمەد شیاع سوودانی کرد بۆ هەوڵ و کاکردنی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.
سەرۆک وەزیران هەروەها دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە توانیان ئەم رێککەوتنە بە ئەنجام بگەیەنن بەبێ ئەوەی سازش لە سەر هیچ مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەن.
سەرۆک وەزیران روونیشی کردەوە کە دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوو، بەرپرسانی حکومەتی فیدرال، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بڕی، هەرێمی کوردستان ناچاربوو نەوت هەناردە بکات و رێکارەکانی هەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون و لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم نەوتی هەناردە کرد.
سەرۆک وەزیران هیوای خواست، رێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەد، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، پوختەیەکيان دەربارەی ئامانج و پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی پڕۆژە یاسای ( وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان) خستەڕوو.
ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، باشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و چاکسازیکردنە لە سیستەمی تەندروستی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی کارکردن لە کەرتی گشتی و تایبەت و ڕەچاوکردنی مافی نەخۆش.
دوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و سەرنج لە سەرپڕۆژە یاساکە ، بڕیاردرا پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکەدا بکرێتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی تێبینی و سەرنجەکان و بە ئاراستەی زیاتر دەوڵەمەندکردنی پڕۆژە یاساکە، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند بکرێت.
بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی بەرزی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕ سەرەڕای دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی و چۆنیەتی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی گرانی نرخ لە بازاڕەکاندا.
لەمبارەیەوە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پەیوەندیدارەکان، روونکردنەوە و زانیاری و راسپاردەی پێویستیان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان و نرخی کاڵاکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لە سەر گوزەرانی هاووڵاتییان خستەڕوو.