لیوا چەتۆ ساڵح: ڕێككەوتنەكەی دوێنێ بڕیاری دروست و بوێرانەی مەسرور بارزانی بوو بڕیاری دروست و کاری باش پێویستە ستاییش بکرێت
بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت : ڕێككەوتنەكەی دوێنێ بڕیاری دروست و بوێرانەی مەسرور بارزانی بوو بڕیاری دروست و کاری باش پێویستە ستاییش بکرێت.
لیوا چەتۆ ساڵح بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیوویەتی: “ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەی دوێنێ، سەرکەوتنێکی گەورە و زەمانەتێکی گرنگ و تۆکمە و ستراتیژییە بۆ زیاتر به فەرمیبوونی سەروەتە نیشتمانییەکەمان لەناو دامەزراوەی وزەی عێراقی و جیهانیدا.”
دەشڵێ:” رێككەوتنەكە، بڕیارێکی دروست و بوێرانەی سەرۆکی حکومەت بوو، ئەم رێكکەوتنە وەرچەرخان و قۆناغێکی نوێ و هەستەناوەیەك دەبێت بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری، هەروەها سوودمەندی سەرەکییش کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبن.
بریكاری وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەشی بەوە كردووە: “ئەم رێككەوتنە زامنی سەقامگیریی ئابووری و مادی دەبێت بۆ گشت هەرێمی کوردستان، هەروەک کۆتایی بە دڵەڕاوکێ و مشتومڕ و بێنەوبەردەش دێنێت، لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم ئەم بڕیارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی دروست و کارێکی باشە و پێویستە ستایش بکرێت.”