پشته‌وەی راپۆرته‌كه‌ی ئاژانسی مۆنیته‌ر و دژە تیرۆری یه‌كێتی

نووسین: ئەسرین عاسی شوانی

ئه‌وەی ئاژانسی مۆنیته‌ری ئه‌مریكی له‌بارەی هه‌وڵی تیرۆركردنی (مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رماندەی په‌كه‌كه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان) باسكراوە كه‌ دزە به‌شوێنی نیشته‌جێ بوونی كراوە له‌ناو دژە تیرۆری یه‌كێتییه‌وە، رێك ئه‌و راپۆرته‌مان بیردەهێنێته‌وه‌ كه‌ چه‌ند ساڵ پێش ئێستا ئاژانسه‌ ئه‌مریكیه‌كان بڵاویان كردەوە كه‌ هه‌مان دەزگای یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان چۆن هاوكار بووە له‌ كوشتنی قاسم سلێمانی، یه‌كێتی و دژە تیرۆری یه‌كێتی به‌م هه‌نگاوە ئه‌وەندەی دیكه‌ بوەته‌ جێگای ترس بۆ وڵاتانی دەوروبه‌ر و ئه‌مریكاش چونكه‌ دەركه‌وت دەستی زۆر سیخور و جاسوس له‌ناو دژە تیرۆری یه‌كێتی هه‌یه‌، و به‌هۆی ئاشكراكردنی شوێنی مه‌زڵوم عه‌بدییه‌وە، مه‌ترسی گه‌ورەشی له‌سه‌ر هێزی هاوپه‌یمانان دروستكرد كه‌ دوای ئه‌م رووداوە ئاسته‌مه‌ هاوپه‌یمانان جارێكی دیكه‌ سیقه‌ به‌ دژە تیرۆری یه‌كێتی بكه‌ن، له‌لایه‌ك ئامانجه‌كانی ئه‌مریكایان ئاشكرا كرد بۆ توركیا له‌لایه‌كی دیكه‌وە له‌سه‌ر كوشتنی خوێنی عه‌بدی، ویستیان فه‌وزایه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌ دروست بكه‌ن، ئێستاش كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش ئاگادار نه‌بوون له‌و پیلانه‌ و به‌بێ ئاگاداری هه‌ردوو حكومه‌ت یه‌كێتی ئه‌م كارەی كردووە به‌رپرسیاریه‌تی یه‌كه‌م له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقه‌ لێكۆڵینه‌وە بكات چونكه‌ به‌بێ ئاگاداری ئه‌وان فه‌رمانده‌یه‌كی په‌كه‌كه‌ كه‌ داواكراوە له‌لایه‌ن توركیاوە به‌بێ فیزە و به‌بێ مۆڵه‌تی فه‌رمی هێنراوەته‌وە ژوورەوە، سیناریۆكانی دژە تیرۆری یه‌كێتی بۆ كوشتنی مه‌زڵوم عه‌بدی زۆر نزیكه‌ له‌ سیناریۆی كوشتنی قاسیم سلێمانی، هه‌ردووكیان زانیاری له‌ناو دەزگای ئه‌منییه‌وه‌ چووەته‌ دەرەوە هه‌ردوو رووداوەكه‌ له‌دەرەوەی فڕۆكه‌خانه‌ و له‌ نزیكی سیاجی فرۆكه‌ خانه‌بووە، هه‌ردووكیان سه‌رەتای فڕۆكه‌خانه‌یان جێهێشتووه‌ دواتر به‌ ئۆتۆمبیل بۆ شوێنێكی نادیار گوازراونه‌ته‌وە، ئه‌مانه‌ كۆدی نهێنین په‌كه‌كه‌ش ئێستا به‌گومانه‌ له‌ یه‌كێتی.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی هه‌یه‌ یه‌كێتی لێژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی دروستكردووە بۆ ئه‌وەی بزانێت چۆن ئه‌م زانیاریه‌ له‌ناوخۆیانه‌وە دزەی كردووە بۆ توركیا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م رووداوە ته‌سفیه‌ی جه‌سته‌ی ناوخۆیی ده‌ست پێبكات وەك تیرۆری هه‌ندێك كه‌سایه‌تی له‌ناو دژه‌ تیرۆر ئه‌گه‌ری دیكه‌ش هه‌یه‌ به‌وەی په‌كه‌كه‌ داوای روونكردنه‌وە له‌یه‌كێتی بكات كه‌ چۆن به‌ ئاسانی ئه‌و زانیاریه‌ دزەی كردووەته‌وە توركیا سایتی مۆنیته‌ری ئه‌مریكی له‌خۆیه‌وە ئه‌و راپۆرته‌ی بڵاو نه‌كردووەته‌وە سه‌رچاوه‌كانی باورپێكراون چونكه‌ پێش ئه‌وه‌ی بڵاوی بكه‌نه‌وە زانیاریان هه‌بووە كه‌ ئه‌گه‌ر زانیاریه‌كانیان ته‌واو نه‌بێت ئه‌گه‌ری هەیە داوای یاساییان له‌سه‌ر تۆمار بكرێت به‌ڵام كه‌ ئێستا دژە تیرۆری یه‌كێتی بێ دەنگه‌ گومانه‌كان زیاتر بوون.

به‌شێكی دیكه‌ی هۆكاری وەشاندنی ئه‌و مووشه‌كه‌ كه‌ تائێستا توركیا به‌فه‌رمی هیچی له‌بارەوە نه‌گوتووە بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێك بووە یه‌كێك له‌وانه‌ به‌ ئه‌مریكا و یه‌كێتی بڵێت ئاگاداری ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌م و زانیاری دروستم هه‌یه‌، دووەم به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گری هه‌یه‌ كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی به‌مه‌بەستی ته‌راتێنی سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه‌ به‌كاردەهێنرێت و شتی قاچاغی تێدا دەكرێت واته‌ توركیا به‌ڵگه‌ی ئه‌وەی نیشان داوە كه‌ بۆچی هێڵی توركیش ئۆنلاین له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی داخستووە، ئه‌مه‌ جیاله‌وەش كه‌ په‌یامێكه‌ بۆ یه‌كێتی كه‌ توركیا له‌ناو جه‌رگه‌ی زۆنی سه‌وز دەسه‌ڵاتی له‌دژە تیرۆری یه‌كێتی زیاترە یه‌كێتی وا دەزانێت به‌عه‌یبه‌نی حزبی خۆی كه‌ تا سنووری دێگه‌ڵه‌ بڕدەكات هه‌رواش جیهان دەبینێت نازانێت درۆنی توركی و چه‌كی پێشكه‌وتووی ته‌كنه‌لۆژیایی جه‌نگ به‌ئاسانی دەتوانێت له‌تونێله‌ تاریكه‌كانیشیان بیان كاته‌ ئامانج ئه‌مه‌ش هه‌روا له‌خۆرا نییه‌ ته‌بیعه‌ن به‌هاوكاری كه‌سانی ناوخۆیان.

Back to top button