روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بارەی ئاوارەکان روونكردنەوەیەكی بڵاو کردەوەو تێدا ئاماژە بەوە دەدات، لای هەمووان ئاشكرایە، ئەو سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەرە، لە ترسی زۆرداری و تیرۆر و بەهۆی جیاکاری و سیاسەتی تایفەگەری و نەبوونی ئاسایش و ئارامی، ناوچەكانیان جێ هێشتووە و روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەشی زۆریان لە كەمپەكان نیشتەجێ بوون.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاتووە: “هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی وڵاتانی دەوروبەر دەکات و سەرەڕای بارودۆخی سەخت و قەیرانی داراییش، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکیی میوانداریکردنی دەیان کەمپی ئاوارە و پەنابەرانی لە ئەستۆ گرتووە و لەڕووی ئابوورییەوە، تێچوونێكی زۆر كەوتووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو: “لای هەموان ئاشكرایە، ئەو سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەرە، لە ترسی زۆرداری و تیرۆر و بەهۆی جیاکاری و سیاسەتی تایفەگەری و نەبوونی ئاسایش و ئارامی، ناوچەكانیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەشی زۆریان لە كەمپەكان نیشتەجێ بوون، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سینگفراوانییەوە، هەوڵی یارمەتیدان و بەهاناوەچوونی ئاوارەكانی داوە و ئەزموونێكی سەركەوتووی لە میوانداریی ئاوارەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە خستووەتە ڕوو، هەروەها هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، باشترین نەخشەڕێگەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ژیانی ئاوارەکان و خەڵکی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان لە ئارادایە و ئەو چاوەڕوانییە هەیە كێشەی ئاوارەكان و گەڕانەوەی سەربەرزانەیان بۆ ناوچەكانیان چارەسەر بكرێت.”
لە روونكردنەوەكە وەزارەتی ناخۆ باسی لەوەش كردووە: “جێگەی داخە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لە بری ئاماژەدان بە هۆكارە سەرەكییەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێككەوتنی شنگال، كەوتووەتە موزایەدەكردن و بڵاوكردنەوەی قسەی نامەسئوولانە و بێ بنەما لە بابەتی ئاوارەكان و بەكارهێنانیان بۆ مەرامی سیاسی، ئەم جۆرە دنیابینی و لێدوانانە شاردنەوەی خواستی ئاوارەكان و پەردەپۆشكردنی ڕاستییەكانە، بە هیچ شێوەیەك خزمەتی دۆخی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان ناكات.”
وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی راگەیاندووە: “هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم، بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵە لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، بەداخەوە هەتا ئێستا، بەناوی ئاوەدانكردنەوە، یارمەتیی ماددی پێشكەشی هێز و ملیشیا نایاساییەكان دەكرێت.”
جەخت لەوەش دەكاتەوە: “ئەگەر وەزیری كۆچ و كۆچبەران و هاوئاوازەكانی هێندە ڕاستگۆن و پەرۆشی ژیانی ئاوارەكانن، با بێن كار بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال بكەن، ئەو كات هەم ئاوەدانكردنەوە ئاسانتر دەبێ و هەمیش ئەو ئاوەدانكردنەوەیە لە خزمەتی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان دەبێت.”