سه‌رۆك بارزانی سات به‌ ساتی رووداوه‌كانی داستانی كۆڕی ده‌گێڕێته‌وه‌

سه‌رۆك بارزانی له‌ به‌رگی پێنجه‌می كتێبی (بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد) باسی ئه‌و رۆژانه‌ و بڕیای به‌رگریكردن ده‌كات و داستانی مه‌زنی كۆڕێ ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ ناوچه‌ و سنوورێكی بچووك و به‌رته‌سكدا بوو، به‌ڵام ئه‌و داستانه‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانێكی له‌ بێهیوایی و په‌رته‌وازه‌یی و نائومێدییه‌وه‌ بۆ هیوا و ئومێد و ڕۆشنایی و داهاتوویه‌كی گه‌ش گواسته‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی نوسیوویەتی: رۆژی 7ی نیسانی 1991، رژێم به‌ فیرقه‌یه‌كی زرێپۆش و تانك، هێرشێكی غافڵگیرانه‌ی كرده‌ سه‌ر پیرمام و هێزه‌كانی به‌ره‌ی كوردستان‌ هه‌ر زوو پاشه‌كشه‌یان كردبوو بۆ ده‌ربه‌ندی كۆڕێ،  له‌ كاتێكدا ڕێوشوێنی پێویست نه‌گیرابووه‌ به‌ر و دابه‌شكردنی شوێن و ئه‌ركه‌كان ته‌واو نه‌كرابوو، هێزه‌كانی رژێم به‌ره‌و كۆڕێ شۆڕ بوونه‌وه‌.

سه‌ره‌تا ته‌نیا 24 پێشمه‌رگه‌ی هێزی بارزان له‌ ده‌ربه‌ندی كۆڕێ بوون، دوای دوو كاتژمێر به‌رگریی مه‌ردانه‌ و شه‌ڕی سه‌خت، هێزه‌كانی رژێم به‌ شێوه‌یه‌ك شكان، هه‌ر به‌ خه‌یاڵیشاندا نه‌ده‌هات و زیانی گه‌وره‌یان لێ كه‌وت، كه‌ 63 ته‌رمیان جێ هێشت، چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازی و چوار تانك بوونه‌ ده‌ستكه‌وتی شه‌ڕه‌كه‌ و تانكێكیش سووتا، له‌م شه‌ڕه‌دا جگه‌ له‌ هێزه‌كانی پارتی، هیچ لایه‌نێك به‌شدار نه‌بوون. دوای داستانه‌كه‌ش، گه‌وره‌ به‌رپرسێكی یه‌كێتی به‌ دكتۆر سه‌عید و حه‌مید ئه‌فه‌ندیی راگه‌یاند: “ئه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ قوه‌تی بارزان كردوویه‌تی، كه‌س نه‌یكردووه‌ و جه‌نابی مام جه‌لالیش له‌ بابه‌ته‌كه‌ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌.”

سه‌رۆك بارزانی هەروەها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌: ئه‌م داستان و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌ و مێژووییه‌، هه‌موو هاوكێشه‌كانی گۆڕی و بووه‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی وره‌ی خه‌ڵكی كوردستان، پاش ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌، بارودۆخه‌كه‌ به‌ ته‌واوی گۆڕانی به‌سه‌ردا هات.

سه‌رۆك بارزانی لە نوسینەکەیدا ئاشكرای كردووه‌: عێراق، فه‌رمانده‌ی ئه‌و فیرقه‌یه‌ی سزا دا، كه‌ په‌لاماری كۆڕێی دابوو، فه‌رمانده‌یه‌كی نوێی بۆ دانا و هێزێكی نوێشی خسته‌ به‌رده‌ستی، رۆژی 11ـی نیسانی 1991، هێرشێكی تریان بۆ ده‌ربه‌ندی كۆڕێ ده‌ست پێ كرد، له‌و شه‌ڕه‌دا هه‌موو هێزه‌كانی به‌ره‌ (پارتی، یه‌كێتی، سۆشیالیست، شیوعی، پارتی گه‌لی، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و حزبوڵا) به‌شدار بوون.

له‌و شه‌ڕه‌دا سوپای عێراق تووشی شكستێكی گه‌وره‌ بوو، كوژراو و بریندارانی له‌ 100 تێپه‌ڕی، له‌و هێرشه‌دا دوو پێشمه‌رگه‌ی هێزی بارزان به‌ ناوی (عه‌لی سلێمان بابكه‌یی و محه‌مه‌دئه‌مین مه‌لا مووسا بابكه‌یی) شه‌هید بوون. له‌گه‌ڵ برینداربوونی پێنج پێشمه‌رگه‌ش، كه‌ سێیان هی هێزی بارزان و یه‌كێكیان پێشمه‌رگه‌ی لقی 2 و ئه‌وی تریان سه‌ر به‌ حزبوڵا بووه‌.

– له‌و كاته‌وه‌ تا ئێسته‌ و تاهه‌تایه‌ش، یادی داستانی كۆڕێ، وه‌كوو داستانێكی گه‌وره‌ و خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ ئه‌و سه‌روه‌خته‌ داده‌نرێ، له‌ كاتێكدا گه‌لی كورد له‌ ڕه‌وشێكی دژوار و ناله‌باردا بوو، سه‌رۆك بارزانی، سه‌رپه‌رشتیی پلانی به‌رگری و تۆماركردنی ئه‌و داستانه‌ی كرد، كه‌ ئێسته‌ش نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌، قاره‌مانێتییه‌كانی ئه‌و داستانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و پاشماوه‌ی تانكه‌ سووتاوه‌كانیش وەك مۆنۆمێنتێك لە هەمان شوێنی شەڕەكە، تا ئێستاش پارێزراون، وه‌ك هێمایه‌ بۆ به‌رگریی قارەمانانەی پێشمه‌رگه‌ و شكستی دوژمن.

Back to top button