بڵند ئیسماعیل بۆ سەعدی پیرە: نمەکی ئەم هەرێمە دەتگرێ، مووچەی تۆش لەسەر داهاتی نەوت بوو

دوای ئەوەی سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بەبێ باسكردنی ئەوەی عێراق دەیان ملیار دۆلاری لە 2014ـەوە تا ئێستا، لە نەناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەتەوە و بەم هۆیەشەوە یەدەگەكەی زیاد بووە،  لە لێدوانێکدا ئەو یەدەگەی لە دژی هەرێمی كوردستان بەكارهێنا، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، لە وەڵامی قسەكانی سەعدی پیرەی دایەوە و گووتی: ”سەعدی پیرە و ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە، نمەکی ئەم هەرێمە دەیانگرێت، چونکە دوای 2014 کە بودجەی هەرێمی كوردستان لە عێراق بڕدرا و دواتر شەڕی داعش دروست بوو، (بە چاک و خراپەوە بابەتی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت) ئەم هەرێمەی بەڕێوەبردووە، سەعدی پیرەش مووچەکەی خۆی لەو داهاتە وەرگرتووە، بەداخەوە مرۆڤ هێندە بێ نمەک بێت نەزانێت ژیانی خۆی لەسەر چی دەگوزەرێ!“

ئەوەشی خستەڕوو کە: ”مام جەلال و سەرۆك مەسعود بارزانی لە مەراسیمی هەناردەکردنی نەوت ئامادە بوون و شانازییەکەیان بەرکەوت، دوای ئەوەش، هەر کاتێک سەرۆکی حکومەت لای پارتی بووبێ، جێگرەکەی لای یەکێتی بووە، بەپێچەوانەشەوە راستە، كۆمیتەیەکی نەوت و غاز هەبووە کە یەکێتی ئەندامی تێیدا هەبووە و ئاگاداری هەموو گرێبەستەکان بووە و وردەکارییەکان دەزانن، بۆیە شەرمە، کە لەنێو پرۆسەکەدا بووبن و رەخنەی لێ بگرن و بەم شێوازە دابەزنە سەری.“

“دیارە ئەوان (یەکێتی) دەرسیان لە عێراق وەرگرتووە، بۆیە بانکەکانی سلێمانی بە بەردەوامی موفلیس و بەتاڵن”

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی هاوکات گوتیشی: ”سەعدی پیرە، هەرێمی کوردستان بە عێراق بەراورد دەکات، دەشزانێت کە بە سەدان ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی عێراق دزراوە، بۆیە ئەگەر پێی وایە عێراق شەفافترە لە هەرێم، ئەوا دیارە ئەوان (یەکێتی) دەرسیان لە عێراق وەرگرتووە، بۆیە بانکەکانی سلێمانی بە بەردەوامی موفلیس و بەتاڵن، هەروەها داهاتی شارەکە دەچێتە گیرفانی ئەوان، با ئاوڕێك لە داهاتی گومرگی خاڵە سنوورییەکانیان بدەنەوە، ئاوڕێک لەو مافیاگەراییەی نێو شارەکە بدەنەوە، ئینجا پەنجەی تۆمەت بۆ ئێمە رابکێشێت.“

“بە باش و خراپەوە لە ساڵی 2014 تا ئێستا ژیانی خەڵک لە هەموو روویەکەوە لەسەر دەرهێنان و هەناردەی نەوت بووە، باشە کاک سەعدی بۆ تا ئێستا دەنگی نەکردووە؟”

بڵند ئیسماعیل روونیشی کردەوە، کە لە ساڵی 2003 بەدواوە کابینەی نۆ لە خراپترین و قەیراناویترین هەلومەرجدا پێکهێنرا، بەڵام لەوە خراپتر، برادەرانی یەکێتی بە ئامانجی شکاندن و رووخاندنی کابینەکە و رێگری لە چاکسازی بەشدارییان تێدا کرد، ئێستا روون بووەوە کە بەشدارییەکەیان لە حكومەت بۆ ئەوە بووە كە لەنێو کابینەکەدا لەمپەر بۆ هەر پێشڤەچوونێك دروست بكەن، کاک سەعدی با بچێت لە وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزیرەکانی خۆیان بپرسێت، ئەو کاتە تێدەگا و دەزانێت چ قورساییەک لەسەر کابینەی نۆ هەبووە، بەڵام هەم مووچە درا، هەم پرۆژەکان بەردەوام بوون و هیچ شتێکیش رانەوەستا.“

“پێویست ناکات هیچ کەس دەست لە یەکێتی وەربدات، ئەسڵەن خۆی بنەماكانی حزبی سیاسیی تێدا نەماوە”

ئەندامەکەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی راشیگەیاند: ”دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، جەنابی سەرۆک بارزانی چەند لە خەمی یەکگرتوویی پارتیدا بووە، هێندەش لە خەمی لێکنەترازانی یەکێتی و یەکگرتوویی ئەواندا بووە، چەندین جار لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی بەشداریی دەکرد، ئەمە تەنیا بۆ ئەوە بوو کە یەکێتی وەک خۆی بمێنێتەوە و وەک هێزێک هەبێ و تووشی دووبەرەکی و باڵباڵێن نەبێت، بەڵام پێکهاتە و شێوازی کاری یەکێتی وایە، پێویست ناکات هیچ کەس دەستی تێوەردات، ئەسڵەن یەکێتی بنەماكانی حزبی سیاسیی تێدا نەماوە، بەڕاستی ئێمە پێمان وانەبوو کە یەکێتی کۆسپێکە، هەلومەرجی زۆر لەبار هەبوو ئەگەر بمانویستبا دژایەتییان بکەین، بەتایبەت کاتێک گۆڕان زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگی لە سلێمانی هێنا و کەوتە پێش ئەوان، ئێمە چووین لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانیمان بەست، ئەگەر ویستی شکاندنیانمان هەبوایە، ئەو کاتە باشترین هەلومەرج بوو، تەنیا دەستمان لە یەکێتی بەربدایە ئەوا خۆی دەتوایەوە، یەکێتی ئێستا حزبێک نییە کەس حەسوودیی پێ ببات، تا پێویست بەوە بێت ئێمە بچین دەستوەردانیان لەناودا بکەین، بەپێچەوانەوە، ئێمە پێمان وایە ئەگەر یەکێتی یەکگرتوو و یەک بڕیار بێت، بۆ ئێمە و خەڵکی کوردستانیش رەنگە باشتر بێت، بەداخەوە ئەوانەی لە ١٦ـی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ كەركووكیان رادەست كرد و فرۆشتیان، نازانن عەیبە چیە.“

Back to top button