مەسرور بارزانی : ئەنفال یەكێك بوو لە دڕندانەترین شێوازی جینۆساید دژی گەلی كورد و كوردستانیان 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 35ـەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکی هاتووە : ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ لە خەم و کۆڤانەوە یادی شەهیدانی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال دەکەینەوە.

سەرۆکی حکومەت دەشڵێت:” ئەنفال یەكێك بوو لە دڕندانەترین شێوازی جینۆساید دژی گەلی كورد و كوردستانیان .

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان :-

ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ لە خەم و کۆڤانەوە، یادی شەهیدان و قوربانیانی شاڵاوە بەدناوەکانی (ئەنفال) دەکەینەوە، کە یەكێك بوو لە دڕندانەترین شێوازی جینۆساید دژی گەلی كورد و كوردستانیان، سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر، رژێمی بەعسی عێراق، بە چەند قۆناغێكی جیا، بە هەزاران خەڵكی سیڤل و بێتاوانی گوند و ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی راپێچ كرد و لە بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیندەبەچاڵی كردن و بەشێكی زۆریان تا ئێستاش بێسەر و شوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

تاوانی ئەنفال، جینۆسایدێكی دڕندانە بوو نەک تەنیا دژی گەلی کوردستان، بەڵکوو دژی هەموو بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان بوو، کە بە داخەوە لێكەوتە و دەرهاویشتە هەمەلایەنەکانی ئەم تاوانە هۆڤانەیە ، هەر ماون و برینەکان تا ئێستاش ساڕێژ نەبوون.

لەم یادە خەمگینەدا، کە بەشێکە لە زنجیرەیەک تاوان کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و زيانلێکەوتووان و بنەماڵە و کەسوکاری ستەملێکراوی دەستی رژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکاتەوە و هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر، بتوانێت خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکات.

لە یادی پڕخەمی شاڵاوەكانی ئەنفالدا، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادمانن.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/4/14

Back to top button