یەکێتی بە هاوکاری پەکەکە ویستوویانە مەزڵوم عەبدی بکوژن

زانیاریی تایبەت و نهێنی لەسەر دۆسیەی هەوڵی کوشتنی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ئاشکرا دەبێت، کە پەکەکە خۆی هاوکاری دەزگای زانیاری یەکێتی کردووە، تاوەکو مەزڵوم عەبدی بکرێتە ئامانج.

مەزڵوم عەبدی بەشێوەیەکی زۆر نهێنی لە رۆژئاوای کوردستانەوە چووەتە سلێمانی و تەنیا دەزگای هەواڵگری یەکێتی نیشتمانی بەناوی (زانیاری) و چەند کەسی زۆر نزیک لە مەزڵووم عەبدی ئاگاداری ئەو سەردانە بوون، بەڵام سەرەڕای ئەوە، دەوڵەتی تورکیا زانیاریی پێ گەیشتووە و مەزڵوم عەبدی کردووەتە ئامانج و ئەگەر بوونی چەند سەربازێکی ئەمریکی نەبووایە، بێگومان درۆنەکانی تورکیا بە ئامانجەکەیان دەگەیشتن، کە کوشتنی مەزڵوم عەبدی بوو.

کێ راپۆرتی لە مەزڵووم عەبدی دابوو؟

بەپێی زانیاری دروست و پشتڕاستکراوە ، مەزڵووم عەبدی لەلایەن کەسانێک لەناو دەزگای زانیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان راپۆرتی لێ دراوە، كە سەر بە پەکەکە بوون. ئەم زانیارییانەش لە میدیاکانی ئەمریکادا و بەتایبەتی لە هەردوو رۆژنامەی بەناوبانگی (وۆڵ ستریت ژۆرناڵ) و (ئەل ـ مۆنیتەر)دا بڵاوکراونەتەوە و باسیان کراوە.

بۆچی پەکەکە راپۆرت لە مەزڵوم عەبدی دەدات؟

هێشتا هۆکاری ئەوەی کە بۆچی پەکەکە دەیەوێت مەزڵوم عەبدی بەکوشتن بدات، بەتەواوی روون نییە، بەڵام ئاشکرایە، کە پەکەکە ماوەیەکە لە هەڵسوکەوتی مەزڵوم ناڕازییە و دەیەوێ لەناوی ببات. پێشتر و لە ساڵی 2021 دا پەکەکە هەوڵی دا، کە کەسێک بە ناوی (مەحموود بەرخۆدان) ناسراو بە (مەحموودە ڕەش) لە جێگای مەزڵوم عەبدی دابنیت، بەڵام بۆی نەکرا، ئێستا پەکەکە شێوازی سڕینەوە و پاكتاوکردنی کادرەکانی خۆی گۆڕیوە و وەک رابردوو، کادرە باڵاکانی خۆی، کە هەست دەکات دەبنە “مەترسی” بۆ سەر ئەو حیزبە، بە دەستی خۆی پاكتاویان ناکات، بەڵکو راپۆرتیان لێ دەدەن و بە دەستی تورکیا، یان بە دەستی لایەنێکی شاراوە بە کوشتنیان دەدات.

گرووپی دامەزرێنەرانی پەکەکە ناتوانن مەزڵوم عەبدی وەکوو دیپلۆمات و کەسایەتییەکی سیاسی قبووڵ بکەن. ماوەیەکی زۆرە لێی ناڕازین، مەزڵوم عەبدی بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، بووەتە کەسایەتییەکی ناسراوی رۆژئاوا و ئەمەش لە روانگەی پەکەکەوە وەکوو مەترسی بۆ سەر (بەرژەوەندیەکانی پەکەکە) لێکدەدرێتەوە.! هەربۆیەشە، کە پەکەکە لە رێگای پیاوەکانی لەناو دەزگای زانیاری یەکێتی راپۆرتی لە مەزڵوم عەبدی داوە بە تورکیا. بەڵام تورکیا بەهۆی هەبوونی چەند سەربازێکی ئەمریکی لە ئۆتۆمبێلەکەی مەزڵوم عەبدیدا، نەیوێراوە بیکوژێت.

Back to top button