ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی دیکە دەستگیردەکات کە هێرشی کردبووە سەر هاووڵاتییەک
ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، تۆمەتباری دووەم لەو کەسانەی بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هێرشیان کردبووە سەر هاووڵاتییەک دەستگیر کرا.
دەقی راگەیەندراوەکە:-
دوابەدوای ئەوەی رۆژی شەممە 15ی نیسانی 2023 هاووڵاتییەک لە شاری هەولێر لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرش کراوەتە سەری ولێیان داوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو بارەوە کرد ئەمڕۆ یەکشەممە تیمەکانمان توانییان تۆمەتباری دووەم بەناوی (ك) دەستگیر بکەن و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت.
هاووڵاتییانی بەڕێز و هاوشارییانی خۆشەویست دڵنیادەکەینەوە، پاراستنی سەروماڵی هاوشارییان و ئاسایش و ئارامی شاری هەولێر ئەرکێکە و بەزاندنیان لەلایەن هەرکەس و گرووپێکەوە بێت هێڵی سوورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و راپێچی بەردەم دادگایان دەکەین
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
16ی نیسانی 2023