روونکردنەوەیەک لە راگەیاندنی وەزارەتی داراییەوە لەبارەی مووچەوە

راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی چەند پەیج و دەزگایەکی راگەیاندن سەبارەت بە سستی دابەشکردنی مووچەی لە سلێمانی دەداتەوە رایدەگەیێنێت : هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە بەچەند سلفەیەک کە کۆی گشتی ٢٨٩ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە ٨٠ ٪ تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنورە .

دەقی روونکردنەوەکەی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

لەچەند پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن چەند هەواڵێکی چەواشەکارانە سەبارەت بە سستی دابەشکردنی مووچەی چەند وەزارەتێک لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە کە هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ مووچە نەناردووە بەپێوستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینە روو:-

یەکەم : هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە بەچەند سلفەیەک کە کۆی گشتی ٢٨٩ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە ٨٠ ٪ تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنوورە .

دووەم : کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنووری سلێمانی ٣٦٢ ملیارو ٣٠٠ ملیۆن دینارەو ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێرو دهۆک.

سێیەم: وەک پێشتریش بڵاومانکردەوە رێکەوتن لەسەر پشکی ( ٥٧ ٪ ) پشکی لە ( ٤٣ ٪ ) وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییەو زۆر دژیەتی، کە پێشتر بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت رێکەوتنی لەسەر کراوە.

چوارەم : چ کێشەی کورتهێنان و کەمبوونەوەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی نوێ نییەو لە ساڵی ٢٠٢١ وە دەستی پێکردووە، کورتهێنانیش لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە یەک ترلیۆن دینار .

پێنجەم : بەڕێز وەزیری دارایی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ چارەسەری کێشەو گرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان خستۆتە گەڕو بەهەوڵی جەنابیان مانگی پێشووتر بڕی ٣٤ ملیار دینار زیاتر لە پشکی سلێمانی لەوەزارەتی داراییەوە رەوانەی بانکەکانی سلێمانی کراوەو لەمانگەکانی کۆتایی ساڵی رابردووش جارێکی تر بڕی ٢٩ ملیار دینار لەدەرەوەی پشکی سلێمانی بۆ بانکەکانی سلێمانی نێردراوە.

لە کۆتایدا پێویستە بوترێت کە کێشەی سلێمانی هەندێک کێشەی بابەتی و خۆییە کە دەکرێت بۆ چەند خاڵێک کورت بکرێتەوە.

یەکەم : کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆیی پاریزگاکە.

دووەم: رێکەوتنی دابەشکردنی داهات بە رێژەی لە ( ٤٣ ٪ ) بە ( ٥٧ ٪ ).

سێیەم: نەمانی پارەی کاش ( سیولە لە بانکەکان ) .

Back to top button