سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە
سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و، تێدا پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان دەكات.
دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز :-
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان و عێراق و كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم.
لەو بۆنە پیرۆزەدا هیوای خۆشی و بەختەوەری بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم و ئومێدی ئەوە دەخوازم خودای گەورە رۆژوو و عیبادەتی هەموو موسڵمانانی قبووڵ كردبێت و ئەو جەژنە ئارامی و ئاشتی و خێر و بەرەكەت بۆ گشت مرۆڤایەتی بەدی بهێنێت.
مسعود بارزانی
29ـی رەمەزانی 1444ـی كۆچی
20ی نیسانی 2023ی زایینی