مەسرور بارزانی: پەلاماردانی کوردانی پەلکانە سەركۆنە دەكەین و داکۆکی لە سەر جێبەجێکردنی مادەی 140 ی دەستوور دەکەینەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا کە لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی عەرەبی هاوردە بۆ سەر کوردانی گوندی پەلکانە بڵاویکردووەتەوە تێدا رایگەیاندووە : پەلاماردانی کوردانی پەلکانە سەركۆنە دەكەین و داکۆکی لە سەر جێبەجێکردنی مادەی 140 ی دەستوور دەکەینەوە
دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:-
هێرشی ئەمڕۆی سەر گوندی پەلکانەی رۆژئاوای کەرکووک، هەوڵێکی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئەو کەشە ئەرێنییەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ خەریکین دروستی دەکەین بۆ ئاشتەوایی و چارەسەریی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو سەقامگیری.
پەلاماردانی کوردانی پەلکانە و هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە لە رێگەی ترس و تۆقاندن سەرکۆنە دەکەین و داکوکی لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور دەکەینەوە لەپێناو چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و نەهێشتنی ئاڵۆزی لەو ناوچانە و رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/4/21