سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە
مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەری کوردی و ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەت :
بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی ( کوردستان ) لەلایەن رەوانشاد میر میقداد مەدحەت بەردخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، گەرمترین پیرۆبایی لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کوردستان دەکەم و هیوای پێشکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
بزاڤی رۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا و راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، لە پەرەپێدان و گەشەپێدانی بەردەوامدایە و حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە ئازادی راگەیاندن و رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ رۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی ئازادانە و لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، کار و ئەرکەکانیان بەجێ بگەیەنن.
هیوادارم رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان، کاربکەن لە پێناو برەودان و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و كولتووری بەیەكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و گرنگیدان بە پرسە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری و جێی هیوای هەموو كوردستانیان.
ئومێدەوارم ئامانجی سەرەكیی میدیاكارانی كوردستان، گەیاندنی راستی و زانیاری باوەڕپێکراو و هاوسەنگ و خزمەتكردنی خەڵك و هاووڵاتیانی كوردستان و بەرگریکردن بێت لە مافەکانی خەڵکی کوردستان. نابێت دەزگاکانی راگەیاندن، ببنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هزری توندڕۆیی و هاندانی توندوتیژی و سووکایەتیکردن بە خەڵک و بەها و سیمبۆلە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان .
لەم یادەدا بە رێز و پێزانینەوە، یادی هەموو ئەو رۆژنامەونووس و نووسەر و رۆشنبیرانەی کوردستان دەکەینەوە کە بە بیر و بەرهەمەکانیان ، خزمەتێکی زۆری زمان و رۆشنبیریی کوردیی و دۆزی رەوای گەلی کوردستانیان کرد و گیانیان لەم پێناوەدا بەخت کرد.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان