ئەفواجی خەفیفەی حەشد
ئاریان فەرەج
ماوەیەكە دەنگوباسی ناونوس كردنی كورد بۆ ریزەكانی ئەفواج خەفیفەی حەشدی شەعبی بڵاوە، بە نهێنی یان نیمچە ئاشكرا كەسانێكی دۆڕاوی سیاسی خەریكی زیندوكردنەوەی جاشایەتین بە ناوی نوێ و لە هەل و مەرجێكدا كە یەكجار جیاوازە لە هەلو مەرجی جاشایەتی جاران و لە كاتێكدایە كورد لەبەردەم بەدیهاتنی ئاواتە مەزنەكەیدایە و دونیا بە رێز و ستایشەوە لێی دەڕوانێ.
سیاسەتی گەوجاندن و هەژاركردن و نانبڕین بە مەبەستی مل پێكەچ كردن و تەسلیم بوون، لە كۆنترین و قێزەونترین سیاسەتەكانی رژێمە یەك لە دوایەكەكانی عێراق و كۆی رژێمە داگیركەرەكانی كوردستانە.
هاوشانی ئاگر و ئاسن و سەركوت و سێدارە و قەتل و عام، هەمیشە سیاسەتی كوشتنی بڕوابەخۆبوون و هاندانی (تەحقیری زات) لەگەڵ سوتماك و راگواستن و دوورخستنەوەی دەستی كورد لە كار و كەسابەت و هۆكارەكانی خۆژیاندن، بەشێك بوون لە شەڕە نەگریسەكانی دوژمن بۆ شكاندنی ئیرادەی مقاوەمەت و بەرگەگرتن لای تاكی كورد.
هەمیشە دوژمنان بە بەرنامە كاریان بۆ ئەوە كردووە لەگەڵ دزین و ماشینەوەی سەروەت و سامانی سروشتیی كوردستان، هەموو سەرچاوەكانی خۆژیاندن لە كوردستاندا كوێركەنەوە و نەهێڵن كشتوكاڵ و سنعەت و تیجارەت و بازاڕی سەربەخۆ هەبن. كاریان كردووە بۆ ئەوەی كورد دەست و گیرفان بەتاڵ و بێ كار و كەسابەت بێت، تا لەو رێیەوە هەم گیانی بەرگری و خەباتی بشكێنن، هەم رێگەی نانی تاڵی جاشایەتی و كرێگرتەیی نیشان بدەن.
لە فورسانەوە تا جاش و خەفیفە و جەیشی شەعبی تا دەگاتە حەشدی شەعبی، درێژكراوەی هەمان نەهج و سیاسەتە. هەمیشە لە نێوخۆی كورددیشدا كەسانێكی دۆڕاوی بێشەرمی خیانەتكار هەبوون كە بونەتە دەڵاڵ و وەكیلی سەرشۆڕی رژێمەكان بۆ ناونسینی خەڵكانی كاڵفام و لاواز و بێ ئیرادە و لەخشتەبردنی كەسانی ساویلكە و موحتاج و پەلكێش كردنیان بۆ زەلكاوی كرێگرتەیی و ناپاكی.
ئەم جاشایەتییە نوێیە زۆر بەئازارتر و جێی مەخابن و ئەسەفێكی یەكجار زۆرترە. ئەگەر زەمانی زوو خەڵكێكی كورد لە بێ ئاگای و ناهۆشیاریی نەتەوەییەوە پێیان بۆ ئەو زەلكاوە خلیسكابێ، ئەمەی ئێستا خەڵكانێكی هۆشیار و سیاسەتوان و بەئاگا دەڵاڵی بۆ دەكەن و هانی دەدەن كە جگە لە حیقد و دڵڕەشی و كورت بینییەك كە گەیاندونیەتە ئاستی سەنگەرگرتن لە سەربەخۆیی میللەتی خۆیان، هیچ دافعێكی دیكەیان نییە.
كوردستان پڕ خێر و گەلی كوردیش میللەتێكی دەوڵەمەند و خاوەن سەروەت و سامانە، ئەو گرفتە داراییانەی پێیدا تێدەپەڕین، دەرهاویشتەی سیاسەت و ئابڵوقە و تەنگ پێهەڵچنینە، نەك ئاكامێكی سروشتیی هەژاری و بێ خێری ووڵاتەكەمان. كورد دەستی گەیشتۆتەوە سەروەت و سامانی زەوتكراوی خۆی و هەر هێندەی دەوێت بكەوێتەوە سەرپێ و بناغەكانی ئابوری سەربەخۆ پتەوتر داڕێژێ، ئەو زەمەنە بەسەرچوو داگیركەر لە رێی سیاسەتی هەژاركردنەوە بۆ مەودایەكی دوور بتوانێ سیاسەتی خۆی بەسەر میللەتی كورددا بسەپێنێ. ئەم هەلو مەرجە راگوزەرە و كۆتایی دێت و دوژمنان بەمەش وەك كۆی سیاسەتە فاشیل و كورت مەوداكانی پێشوویان ناتوانن كاروانی بەرەو سەربەخۆیی كوردستان راگرن.
دەڵاڵەكانی خیانەتیش زووتر لەوەی پێشبینی دەكەن، دەدۆڕێن و مایەپوچ دەبن.
ناحەزانی كورد دەبێ مێژوو بخوێننەوە، تەجروبەكانی بەجاش گرتنی رابردوو دیراسە بكەن و بزانن چی لێ شین بوو تا تەماع لە دوبارە تاقیكردنەوەی بكەن. راپەڕین بێننەوە یادی خۆیان كە تیایدا سەدان هەزار جاش تەسلیم بە چەند هەزار پێشمەرگەیەك بوون.
میللەتی كورد بە درێژایی مێژووی خەباتی، چەندین بەرامبەری ژمارەی ناپاك و جاشەكانی، شەهیدی لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا بەخشیوە. لە فورسانەوە تا خەفیفە چارەنوسیان تەسلیم بونەوە بە پێشمەرگە و گەڕانەوە بۆ باوەشی نیشتمان بووە، ئەمەی ئێستاش هەر هەمان چارەنووس چاوەڕێیەتی. جاشگر و دەڵاڵەكانیان لە رابردوودا دەژین. رابردویەك كە چیتر ناگەڕێتەوە.