بکوژ و داڵدەدەر لەنێوان یاسا و پاشاگەردانیدا
هاودەنگ فارووق
ئاسایشی هەولێر دەڵێ: عەلی مەحموود، لهسهر ئهوه دهستگیرکراوه، که بکوژهکهی (کاوه بازیانی) لە هەولێر حهشارداوه.
ئەوەی جێگەی هەڵوێستەی جدییە، پێویستە خەڵك لەپێش حكومەتەوە سەرنجی لێ بدەن: تاكەی میدیاكان دۆخی دەروونیی خەڵك تێكدەدەن و کەیسەکان بەلاڕێدا دەبەن؟ باشە پرسێك تاكوو نەبووبێتە زانیاری راستیی بەرجەستە، چۆن و بە چ شێوازێك میدیا دەیگوازێتەوە؟
ئایا میدیا دەبێت زانیاریی دروست بگوازێتەوە، یان گومان و راڕایی دروست بکات؟ پێش ئەوەی زانیاری هەبێت، بەگومان و پاڵنەری سیاسی، دۆسییەكان بەلاڕێدا بەرێت؟ ئایا كێ باجی ئەم بێسەروبەریەی میدیا و مەعمەعەی سیاسی دەدات؟ سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، لەم نێوەدا لەبەردەم بەرپرسیارێتی و ئەركێكی قورس دایە؟ پێداچوونەوە بە یاساو ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و میساقی شەرەفی رۆژنامەگەری، ئیدی دەبێتە ئەرك، چونكە رۆژ بە رۆژ میدیا لەكاری خۆی دووردەكەوێتەوە، پێویستی بە رێكخستنەوە هەیە!.
رۆژنامەنووس و نووسەران بەردەوام داكۆكی لە سەروەریی یاسا و ئارامیی كۆمەڵگە دەکەن، بەڵام چۆنە لەدۆسیەیەكدا بێ ئەوەی زانیاری تەواویان هەبێت، قسەی لەگۆترەی تێدا دەكەن ، هەڵوێست دەردەبڕن؟ ئاخر هەڵوێستەكان دەبنە مێژوو، چۆن دەگونجێت نووسەران و رووناكبیران و رۆژنامەنووسان رێگە بدەن لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە مێژووی رۆشنبیریی خۆیان بنەخشێنن؟ ئەو پەلەكردنە لە دەربڕینی هەڵوێست، دواجار بە زیانی هەڵوێستی مێژوویی نووسەران دەشكێتەوە!.
پرسیارێك، كە پێویستە لەو رۆژنامەنووس و رۆشنبیرانە بكرێت، كە لەم دۆسیەیەدا پێشوەختە قسەیان كرد و بەهەڵەدا چوون: ئایا ئێوە لەگەڵ ئەوەدان بكوژ داڵدە بدرێت؟ وەڵامەكەی بۆ خودی ئەو نووسەرانە بەجێ دێڵین. بەڵام دڵنیاین لەوەی زۆرینەی رەهای نووسەران، بەوانەشەوە كەبەهۆی دڵگەرمییانەوە، یان بە پاڵنەری سیاسی پێش رووداوەكە كەوتن، پێیان قورسە بەرگری لە داڵدەدانی بكوژ بكرێت. چونكە ئەستەمە نووسەرێك بتوانێت لەیەك كاتدا داوای سەروەری یاسا بكات و، لە هەمانكاتیشدا داوای بەرگریكردن بكات لە داڵدەدەری بكوژ و پێشێلی یاسا.
تەنانەت ئەگەر مەبەست ئەوەبێت كە كەسی كوژراو تاوانباربووبێت، هێشتا تۆڵەی شەخسی لەو تاوانبارەش هەر پێچەوانەی یاساییە و پێویستە یاسا تۆڵە بۆ هەموو ستەملێكراوێك بكاتەوە، نەك هەركەس بۆی گونجا تۆڵە لەبەرانبەری بكاتەوە، ئەوكاتە لەبری كۆمەڵگەیەك كەتیایدا سەروەری یاسا پایەداربێت، كۆمەڵگەیەك دێتە پێشەوە كە سیخناخ دەبێت لە پاشاگەردانی و تاوانكاری.
ئایا نووسەران بەرگری لەوە دەكەن كە پاشاگەردانی هەبێت و هەركەس بۆخۆی تۆڵە بكاتەوە لەوانەی كە زیانێكی پێدەگەیەنن؟
بۆیە بەبێ دوودڵی دەڵێین: تەنانەت ئەگەر كاوە بازیانی جاشیش بووبێت و تاوانباریش بووبێت، نابێت نووسەران و ڕۆشنبیران پشتیوانی لەوە بكەن كە كەسێك وەك شەخسی خۆی هەستێت تۆڵەی لێبكاتەوە، بەڵكوو پێویستە هەمووان هەوڵ بدەین دادگا و یاسا، تۆڵە لەهەموو ئەو كەسانە بكاتەوە كە رۆژێك لە رۆژان خزمەتێكیان بەداگیركەرانی كوردستان كردووە بەبێ جیاوازی.