وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دیارنەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی پێکهێنا

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی ئاشکرای دەکات:” وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دیارنەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی پێکهێنا.

مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند:”وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دیارنەمانی پارە لە بانکەکانی سلیمانی پێکهێناوەو، دەستبەکار بووە و ئەمڕۆ سێ کەسی بۆ لێکۆڵینەوە بانگکردووەتە هەولێر.

پێشتر وەزارەتی دارایی رایگەیاند:” هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە، بە چەند سلفەیەک کە کۆی گشتی 289 ملیارو 500 ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە 80% تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنورە.

وەزارەتەکە راشیگەیاندووە:” کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنووری سلێمانی 362 ملیارو 300 ملیۆن دینارە و ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێر و دهۆک”.

 

هاوکات لە روونکردنەوەیەکدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی رایگەیاند:” لەچەند رۆژی رابردوودا لەکاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و خانەنشینان لە چەند بانکێک لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین جیاکاری لەدابەشکردنی مووچەی چین و توێژە جیاوازەکان کراوەو بەپێی زۆری و کەمی مووچەو پلەکانیان کاتی دابەشکردنی مووچەیان بۆ دیاری کراوە.

١- ئەوەی کراوە کاری سەربەخۆی بانکی ناوەندی هەرێم / سلێمانی بووەو بەهیچ جۆرێک وەزارەتی دارایی لێی بەرپرس نییە و بڕیاردەری ئەو کارە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

٢- دابەشکردنی مووچە بە پێی خشتەی راگەیەنراو دەبێت کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کە لە پەیجی فەرمیمان بڵاودەکرێتەوە، هەروەکوو لە رابردوو پەیڕەوکراوە جگە لە وەزارەت کەس مافی دەستکاری و گۆڕانکاری لەخشتەکەدا نییە.

Back to top button