راگەیەندراوێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ماوەیەکە دامودەزگا میدیایی و کەسانی نزیکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، پروپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە وەک هەڵوێستێک لە پێناو مافی مووچەخۆرانی سلێمانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە.

بۆ رای گشتی روونی دەکەینەوە کە، ئەمەش ستەمێکی دیکەیە لە خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیانی دەکەن. بەرگری لە مافی مووچەخۆرانی سلێمانی ئەرکی هەموو تیمە وەزارییەکانە و ئەگەر ستەمێک بەرامبەر بە خەڵکی سلێمانی هەبێت، بەر لە هەر کەسێک وەزیرانی پارتی و گۆڕان و سوشیالیست قبوڵی ناکەن، بۆیە با موزایدە بەسەر خەڵکی سلێمانییەوە نەکرێت.

کێشەی نەهێشتنی سیولە چەندین مانگ بوو لە سنووری سلێمانی هەبوو و لێژنەی بەدواداچوونیش پێکهێنرابوو و کاریان لەسەر ئەو کێشەیە دەکرد و بڕیار بوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە سەر ئەنجامەکانی کاری ئەو لێژنەیەش بکرێت، بەڵام کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف روویدا و ئەو پرۆسەیەی پەکخست، چونکە یەکسەر دوای داوای رادەستکردنی تۆمەتبارانی کردەوەکە، قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەکێتی هەڵوێستیان وەرگرت و لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کشانەوە.

هەموو هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانیی سەختتر کردووە دەستبردنە بۆ داهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە، کە هەر خودی قوباد و کەسانێک لە ناو حیزبەکەی لێی بەرپرسیارن.
باشترکردنی ئەو دۆخەش تەنیا بە جێگیرکردنی سیستەمێکی پتەوی دارایی دەکرێت ئەویش بە جۆرێک کە تەنیا حکومەت چاودێرییەکی وردی لە سەر پرۆسەی کۆکردنەوەی گشت داهاتەکان هەبێت و ئەوجا ئەو داهاتانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بخرێتەوە خزمەت هاووڵاتیانمان.

کرۆکی کێشەی دارایی لە سنووری سلێمانی ئەوەیە کە پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات شەفاف نیە و رێگەش نادرێت چاودێرییەکی مەرکەزی لە سەر ئەو پرۆسەیە هەبێت.
شوێنی چارەسەریی گشت ئەم کێشانەش تەنیا کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانە، بۆیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خەڵکی سلێمانی دەکەن، با واز لە چەواشەکاری و خۆڵ لەچاوی خەڵک کردن بێنن و بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکان و گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەن.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/4/26

Back to top button