دوو رۆژە لەلایەن یەکێتییەوە دوو رۆژنامەنووس رفێندراون و كەمپینچییەكانیش بێدەنگن 

دوو رۆژە لەلایەن یەکێتییەوە دوو ڕۆژنامەنووس رفێندراون و كەمپینچییەكانیش بێدەنگن و رۆژنامەنووسێکی گەرمیانیش بۆ کەمپینچییەکان دەڵێ: ئەگەر راستگۆن و بەكارهێنراو نین، فەرموون لەسەر (ئارام و شەرمین)یش بەدەنگ بێن. دەشڵێ: شەڕی دوو خێزانیش لە هەولێر بە سیاسیی دەكەن و دەیخەنە ئەستۆی پارتی و بەرگری لە هەموو قاچاخچی و سیخوڕ و داڵدەدەرێكی بكوژ دەكەن .

كاروان كەلاری، رۆژنامەنووس لە گەرمیان، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیوویەتی: ” ئەگەر راستگۆن و بەكارهێنراو نین، فەرموون لەسەر (ئارام و شەرمین)یش بەدەنگ بێن، لە دوێنێوە خێزانێك لە كەلار (ئارام سایەخان و شەرمین عەلی) هاوسەری، لەلایەن هێزێكی چەكداری یەكێتییەوە (كە كەس نازانێت كێن)، هەڵكوتراوەتە سەر ماڵەكەیان و رفێنراون بۆ سلێمانی و كەسیش نازانێت بۆچی براون؟ بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە، یەك كەس لەو زوڕناژەنانەی كە بۆ ناشرینكردنی پارتی، تەنانەت شەڕی دوو خێزانیش لە هەولێر بە سیاسیی دەكەن و دەیخەنە ئەستۆی پارتی و بەرگری لە هەموو قاچاخچی و سیخوڕ و داڵدەدەرێكی بكوژ دەكەن، ورتەیەكیان لێوە نەهاتووە و سەری خۆیانیان شۆڕكردووە، ئەسڵەن ناوێرن بە یەك وشەش بەرگری لە ئارام و شەرمین بكەن، وەكوو ئەوەی داعش بن و تاوانیان كردبێت!“

هەروەها دەشڵێت دوو رۆژنامەنووسە رفێندراوەكە، دوو مرۆڤی بەڕێز و بێ كێشەن، سكاڵا یان هەرچییەكیان لەسەر بێت، شایەنی ئەوە نین بەو شێوە نابەجێیە هەڵبكوترێتە سەر ماڵەكەیان و ببردرێن و دراوسێ و مناڵەكەیان بتۆقێنرێت.“

Back to top button