سۆسیالیست لەسەر دامەزراندنی هێزی چەكدار ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

خواكوڕك
دوای ئەوەی میدیاكانی بزووتنەوەی گۆڕان و سنوری سەوزو نیلی هەوالێكیان بڵاوكردەوە كە حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هێزێكی چەكدار دروست دەكات و دەخرێتەوە سەر یەكەی 80ی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە, حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكیدا هەواڵی دروستكردنی هێزی چەكداری ڕەتكردەوە.

ئەمڕۆ ٢٣ی ئازاری ٢٠١٧ حزبی سۆسیالیست لەسەر دەنگۆی دروستكردنی هێزێكی چەكداری تایبەت بە حزبەكە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژە بۆئەوە كراوە كە “سەرلەبەری ئەو هەواڵە ڕەتدەكەینەوە”.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە “ناوەڕۆك و مەبەستی هەواڵەكە سوكایەتییە بەرانبەر بەو پێشمەرگانەی كە ماوەی سێ ساڵە خۆبەخشانە لە سەنگەرەكاندا لەبەرانبەر داعش دەجەنگن و خوێندەبە‌خشن لەپێناو پارێزگاری و ڕزگاری خاكی كوردستان”.

سۆسیالیست لە ڕێگەی دەزگای كاروباری پێشمەرگەی حزبەكەیەوە وتووشیەتی “ئێمە بەردەوام داوامانكردووە و ئێستاش داواكەمان دووپاتدەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكبگرێتەوە و پێشمەرگەكانمان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕێكبخرێن”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە كراوە بۆئەوەی “لە دوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكان هەموو هێزەكانی پێشمەرگە یەكیان نەگرتەوە وەك هەنگاوی یەكەم بۆ یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، چەند هێزێك لە چوارچێوەی یەكەی ٧٠ و یەكەی ٨٠ ڕێكخران، كە ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانمان لە ڕێگای ئەو یەكانەوە چوونە ناو هێزی پێشمەرگەی یەكگرتووی كوردستان و پابەندی بڕیاری یەكەكانیان بوون و لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا له ‌هەردوو یەكەكەدا شەهید و بریندارمان داوە”.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە “ژمارەیەك پێشمەرگەمان نە لە وەزارەتی پێشمەرگە نە لە یەكەكان ڕێكنەخران، بەڵام هەر بەو جۆرەش خۆبەخشانە و ئازایانە و لە ماوەی شەڕی داعشدا بەشداربووین”.

Back to top button