عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک : تاقمێکی چەتە گەرای لە یاسا دەرچوو کاکە سەرھەدیان شەهید کرد

عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک لە پەیامێکدا كە بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و شاری چەمچەماڵ بە تایبەتی و،  سەرۆک مەسعود بارزانی مەرجەعی باڵای گەلی کوردستان و سەركردە و كەسایەتیە سیاسییەكانی ناردووە، سوپاسی پرسەنامەكان و بەشداریكردنیان لە پرسەی جوانەمەرگ سەرھەدی كوڕی كردووە و، روونکردنەوەیەکیشی لەگەڵ بڵاو کردۆتەوە.

دەقی سوپاس و پێزانین و روونکردنەوەکە:-

خەڵکی خۆشەویستی کوردستان بەگشتی و شاری چەمچەماڵ بە تایبەتی، جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی مەرجەعی باڵای گەلی کورد، جەنابی مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، جەنابی کاک سیداد بارزانی، جەنابی کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، برای بەڕێز دکتۆر کەمال کەرکوکی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکوک-گەرمیان، جەنابی شێخ نیھاد بارزانی، بەڕێزان دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دکتۆر ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، مامۆستایانی ئاینی، بەرپرسانی حیزبی و حکومی و ئەمنی کوردستان، کوردانی تاراوگە، ئەندامان و سەرۆک ھۆزە تورکمان و عەرەبییەکانی کەرکوک و ناوچەکە، بەشداریتان بە پەیوەندی تەلەفۆنی، پرسەنامە و ئامادەبوونتان لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردن و پرسەی جوانەمەرگ (سەرھەد) خەم و پەژارە و تازیەباریمانتان رەواندەوە، سوپاس و پێزانینی زۆر بۆ ھەموو لایەک و خوای گەورە پاداشتتان بداتەوە.

لێرەدا بۆ رای گشتی رووندەکەینەوە کە ئێمە ھەرگیز خوازیاری ئەو بارودۆخە نەخوازراو و ململانێ ناوخۆییە نەبووین و نین، کە تاقمێکی چەتە گەرای لە یاسا دەرچوو بەسەرماندا سەپاندوویانە و بە دروشمی یان لەگەڵمانبە یان دوژمنمانیت، دەست بۆ ھەموو پیلانگێڕیەکی نائەخلاقی دەبەن و دژی ھەموو بەھا و پیرۆزی و ئازادیەکی ئەو کەسانەن لەگەڵیان نین و را و رێگای جیاواز لەوانیان ھەیە.

ئەو دەستە و تاقمە لە درێژەی ھەڵمەتی شەڕانگێزی و ھەوڵی تاوانبارکردن و ناشرین کردنی ئێمە، لەبەرئەوەی رامان جیاوازە لەوان و رێگای جیا لەوانمان گرتۆتەبەر، لە شەوی 20ـی 3ـی 2022  کەسێکی سەر بەو دەستە و تاقمانە کە رابردوویەکی پڕ لە شەڕانگێزی و تاوانی ھەبوو لە شاری چەمچەماڵ، بەشێوەیەکی نادیار کوژرا و ئێمەی پێ تۆمەتبار کراین و سکاڵامان لێکرا، ئێمە بێ باکانە بە شاھید و ئیسپات و بەڵگەی بێ تاوانیمانەوە ھەموو ئەوانەی سکاڵایان لێکرابوو چووینە دادگا و بچووکترین بەڵگە و دەلیل نەبوو لە دژمان و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دادگا و دادوەری بەڕێز بووین.

بەڵام لە گەڕێکی تری شەر فرۆشی و پیشەی ھەمیشەییان دەستیان بردووە بۆ نائەخلاقیترین و ترسنۆکانەترین کاری نابەجێ و لە رۆژی 25ـی 4 ـی 2023 کە زانیویانە ئێمە لە سەفەری دوورین و لە سنووری چەمچەماڵ نین، بە سێ سەیارە مەفرەزەیەکی تایبەت و برای کوژراوەکەی پارساڵ کاکە سەرھەدی جەستە کەم ئەندام و بێ تاوان و دوور لە ھەموو ململانێیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان شەھید کرد، لەکاتێکدا لەسەر رووداوەکەی ساڵی پاریش سکاڵا لەسەر ئەو تۆمار نەکرابوو.

بەڵێن بە رۆحی پاکی سەرھەدی جوانەمەرگ و خەڵکی کوردستان دەدەین کە تا دوا ھەناسە کۆڵ نادەین و تێدەکۆشین بۆ بەرقەرار کردنی دادپەروەری و کەشێکی ئازاد و ئارام لە کوردستاندا و ئاسودە کردنی رۆحی سەرھەدی جوانەمەرگ و بێتاوان.

بەڵێنی کۆتایشمان بەردەوام بوونە لەسەر رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر بە رابەرایەتی مەرجەعی باڵای گەلی کورد سەرۆک مسعود بارزانی و لە رێگای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نەتەوە و نیشتیمانی خۆمان خزمەت دەکەین و دەیپارێزین.

سەرھەد شەھیدی دەستی زوڵمە و کۆستێکی زۆر گرانە، لەبەر ئەوەنا کە خوێنی لە خوێنی گەنجەکانی تری کوردستان زیاتر بێت، بەڵکو لەبەرئەوەی کە بێ تاوان و کەمئەندام و دوور لە ھەر ململانێیەک و بە تەنیا و بێ چەک شەھید کراوە.

عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک

 

Back to top button