دادگای کەلار لەسەر داوایی کۆمپانیایەکی یەکێتی، پارێزەرێک زیندانی دەکات
دادگای كەلار لەسەر سكاڵای كۆمپانیایەكی یەکێتی پارێزەرێك زیندانی دەكات، هاوسەری ئەو پارێزەرەش دەڵێت، لەسەر داواكردنی مافی خۆیان هاوسەرەكەیان زیندانی كردووە، لەكاتێكدا ئەو پارێزەرە و ئەوەی روودەدات شكاندنی شكۆی پارێزەرانە، ئیتر خەڵك چۆن دێت سكاڵای بێنێتە لایان.
بەسۆز كامەران، هاوسەری پارێزەرە گیراوەكە دەڵێت، هاوسەرەكەم ناوی (ئارام عەزیز محەمەد)ە و پارێزەرە و خاوەنی كارگەی چەو و لمی كەلارە، ئەوان چەند هاوبەشێكن لەسەر رووباری سیروان زەوی كارگەكەیان كەوتووەتە بەر پڕۆژەیەك بەناوی “پڕۆژەی مارینا”، سەر بە یەکێتی كە لەبری زەوییەكەی لێیان داگیر كردووە نە قەرەبوویان پێ دەداتەوە نە كارگەكەشیان لێ دەكڕێتەوە، كە كارگەكە لە ساڵی 2008 دامەزراوە و ئێستا تەنانەت مۆڵەتەكەشیان هەڵوەشاندووەتەوە.
بەسۆز كامەران زیاتر دەڵێ، هاوسەرەكەم و هاوبەشەكانی چەند شەوێك لەگەڵ كۆمپانیای ناوبراو دانیشتوون و نە گەیشتوونەتە ئەنجام، لایەنی بەرانبەریان هەموو داواكارییەكانیان رەتدەكەنەوە، هاوكات “كۆمپانیای مارینا”ی سەر بە یەکێتی سكاڵای لەسەر هاوسەرەكەم تۆمار كردووە، گوتوویانە كە ئەم هاووڵاتییانە نایەڵن ئیش بكەین و نەیان گوتووە ئەوان خاوەن كارگەن، بۆیە دادگای لێكۆڵینەوەی كەلار بڕیاری زیندانیكردنی داون و زیندانی كراوە.
بەسۆز زیاتر دەڵێ خۆم و هاوسەرەكەشم پارێزەرین و پێكەوە لە دادگای كەلار كار دەكەین و ناسنامەی سەندیكای پارێزەرانمان هەیە، لە هیچ یاسایەك نییە پارێزەر لەسەر سكاڵایەكی وا بگیرێت، تەنانەت ئەگەر پارێزەر كەسێكیش بكوژێت، دەبێت مۆڵەتی سەندیكای پارێزەران بێنن، ئەوكات رێگە دەدرێت لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت، كەچی هاوسەرەكەم لە بەیانییەوە بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی كەلار زیندانی كراوە.