سەرۆک بارزانی بەشداری لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی زانستی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە ھەولێر دەکات
ڕۆژی سێ شەممە 2ـی ئایاری 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی زانستی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە ھەولێر بەڕێوەچوو.
لە کۆنفڕانسەکەدا ، سەرۆک بارزانی، وتارێکی پێشکەشکرد.
ئەمەش دەقی وتاری سەرۆک بارزانییە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز هەمووتان بەخێر بێن
خوشك و برا فەیلییەكان، خۆشهاتن و بە بان چاو
سەرەتا دەمەوێ بەخێرهاتنی ئامادەبوانی بەڕێز بكەم و هیوای سەركەوتنی تەواو بۆ ئەم كۆنگرەیە بخوازم. كۆنگرەی زانستیی نێودەوڵەتی بۆ جینۆساید دژی گەلی كوردستان، ئەم كۆنگرەیەش تایبەتە بە جینۆسایدی كوردانی فەیلی.
گومانی تێدا نییە كە فەیلییەكان بەشێكی سەرەكیی گەلی كوردن و لێی جیاناكرێنەوە، بە هەموو ڕێگەیەك هەوڵی لەناوبردنیان دراوە، بەڵام وێڕای هەموو ئەو هەوڵانە، ناسنامە و ڕۆشنبیریی خۆیان پاراستووە، سەرەڕای ئەوەی كەوتوونەتە ژێر پەلاماری دوولایەنە.
خەباتگێڕانی فەیلی بەشدارییەكی كارایان لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەشداریشیان لە سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول كردووە، رەنگە زۆر لە ئامادەبوان ئەوە بزانن كە چەند پۆستێكی گرنگی سەركردایەتیی پارتی لە لایەن خەباتگێڕانی فەیلییەوە بەڕێوە دەبران، وەك سكرتێری پارتی، سەرۆكی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، سەرۆكی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و زۆر پێگەی دیكە. فەیلییەكان بەهۆی وەفاداری و دڵسۆزی و ئینتیمایان بۆ كارەكەیان، متمانەی بارزانیی نەمریان بەدەست هێنابوو.
فەیلییەكان كەوتوونەتە ژێر مەینەت و كارەساتی زۆر، رژێم بە زۆر ئامراز هەوڵی داوە بۆ ئەوەی لە هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانیان دایانبماڵێت و لە نەتەوەكەیان دایانببڕیت، بەڵام سەرجەم ئامرازەكان شكستیان هێنا، بۆیە پەنایان بۆ ئامرازی دڕندانە برد، لەنێویشیاندا دوورخستنەوەی زۆرەملێ بەو پاساوەی ئەوان بیانین، هەروەها دەست بەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوە، وێڕای هەموو ئەوانەش، ئەو ژمارەیەی كە گومانی تێدا نییە، 12 هەزار گەنجە و ڕەنگە زیاتریش بێت بەڵام ئەوە ژمارەكەیە كە لێی دڵنیاین، تەمەنیان لە نێوان 18 تا 30 ساڵ، بە شێوەیەكی دڕندانە پاكتاو كران و تا ئێستا كەس نازانێت لە كوێ نێژراون.
بە دڵنیاییەوە لە ساڵی 1981، چەكی كیمیاوی لە ناوچەی (عەكاشات) لەسەر 300 گەنجی فەیلی تاقی كرایەوە، دواتر هەمان كردار لەسەر دەوروبەری 150 گەنجی بارزانی تاقی كرایەوە كە ئەوانیش پاكتاوكران.
كارەسات و كۆمەڵكوژكردنی فەیلییەكان، حەلقەیەكە لەو زنجیرە تاوانەی كە لە دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون، هەموومان ئەوەمان بینی كە ئێزدییەكان بەسەریان هات لە كۆمەڵكوژی كە هەموو پێشبینییەكانی تێپەڕاند. گەلی ئێمە ئەم تاوانانە لەبیر ناكات، بەڵام كە دەرفەتی بۆ هاتۆتە پێشەوە، تۆڵەی نەكردۆتەوە و نایكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تاوانانە لەبیر ناكات.
برایان و خوشكان
وتار و وشەكان بەس نین، بەڵكوو دەبێت لێكۆڵینەوە لە هەموو ئامرازێك بكرێتەوە بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە لە داهاتوودا، هەروەها بۆ هەموو قوربانییەكی كۆمەڵكوژی لە كوردستان بە تایبەتیش كوردانی فەیلی، دەبێ قەرەبووێكی دادپەروەرانەی ماددی و مەعنەوییان بكرێتەوە و سەرجەم مافەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
لێرەوە پێشنیاز دەكەم سەنتەرێك لە هەولێر بكرێتەوە بۆ چاودێریكردنی تەواوی كاروبارەكانی فەیلییەكان، لە جێی مەرجەعێك بێت بۆ فەیلییەكان.
لە كۆتاییدا دەڵێم:
“وَلَا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتًا بَلْ أَحْيَاءٌ عِنْدَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ”