پەرلەمانتارێک : یەکێتی چی چاندووە ئەوە دەدورێتەوە، بۆیە هەڵبژاردن ناکا!
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ : یەکێتی چی چاندووە ئەوە دەدورێتەوە، بۆیە هەڵبژاردن ناکا! ، دەشڵێت: مایەی نیگەرانییە كە هێشتا لە كوردستاندا حزب هەبێ ماف بە خۆی بدات كە پرۆسەی دیموكراسیەت و هەڵبژاردن بە بارمتە بگرێت و لە ترسی شكست و تۆڵەلێكردنەوەی دەنگدەران هەموو رێگە و شێوازێك بۆ دروستكردنی بەربەست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بگرێتە بەر.
جوان یونس رۆژبەیانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی:” مەسەلەی هەڵبژاردن و پیادەكردنی دیموكراسیەت لە كوردستان و عێراقدا بە زەمانەتی دەستووریی و ماددەكانی (5 و 6)ـی دەستووری هەمیشەیی دەستەبەركراون و ماددەی (46)ـیش قەدەغەی هەر جۆرە كۆتبەندكردنی ئەو ماف و میكانیزمە دیموكراسییەی كردووە، مایەی نیگەرانییە كە هێشتا لە كوردستاندا حزب هەبێ ماف بە خۆی بدات كە پرۆسەی دیموكراسیەت و هەڵبژاردن بە بارمتە بگرێت و لە ترسی شكست و تۆڵەلێكردنەوەی دەنگدەران هەموو رێگە و شێوازێك بۆ دروستكردنی بەربەست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بگرێتە بەر.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ:” حزبی حوكمڕان و خاوەن دیدگا و بەرپرسیار ئەمە ناكات. حزبێك لەگەڵ خودا و خەڵك و خۆی پاك بێت و ترسی لە رق و تۆڵەكردنەوەی دەنگدەر نەبێت، ئەمە ناكات، بەڵكو ئەمە خەسڵەتی حزبی ئینتهازی و لۆكاڵی و راوێژی “ئەم” و “ئەوە”. ئەمە ڕەفتاری حزبێكە كە دووچاری گرووپێكی “كاڵفام”ـی خۆسەپێن بووەتەوە، كە وێڕای وونكردنی ناسنامەی حزبەكە، خەریكە كوردستانیش، بەهەڵە و هەڵەكانی دووچاری گرفتی گەورە دەكات.
رۆژبیانی لە نووسینەکەی دەشڵێت:” لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا، بیانوو نەما كە یەكێتی هەنگاو بە هەنگاو بۆ لەمپەر دروستكردن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندا دروستی نەکا، لە بەرامبەردا هەمووی پووچەڵ کرانەوە، تەنها لە پێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردندا مەرج و داواكارییە تەعجیزییەكانیشی رێككەوتنیان لەبارەوە كران. بەڵام حزبێك دڵنیایە لەوەی لە سیاسەتدا “چی بچێنی ئەوە دەدووریتەوە” و دەزانێ چی بەسەر هاووڵاتیانی دەڤەری ئازیزی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕیندا هێناوە و چۆنیش سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستانی دووچاری دڵەڕاوكێ كردووە و هەوڵی زەوتكردنی مافی دەستوورییانەی خۆیان لە هەڵبژاردن كە پێی ماددەی (20)ـی دەستوور بۆیان دیاریكراوە لە هەڵبژاردن و خۆكاندیدكردن دەدات، ئیتر چۆن مل بە هەڵبژاردن دەدات.
باسی لەوەشکردووە:” حزبێك كە بەهۆی هەڵپەی خۆدزینەوەی لە دادگاییكردنی گەل و ملكەچبوون بۆ حوكمی گەلەوە سڵ لە هیچ هەنگاوێك نەكاتەوە، تەنانەت ئەگەر بەرزكردنەوەی سكاڵاش بێت لەسەر ئەو سەرۆكی پەرلەمانەی كە خۆی دواجار ماوەیەك لەمەوبەر بە دەنگی بەرز هاواری كرد كە “دەست و پێم بەستراوە و كۆت كراوە”. حزبێك كە لە “ئەلف و بێی” یاسا و دەستوور هێشتا تێنەگەیشتبێت و نەزانێ ئەوە دەسەڵات و ئەركی بەناو دادگای فیدڕاڵی نییە كە شوێنی پەرلەمانی كوردستان بگرێتەوە و یاسای هەڵبژاردنی كوردستان هەموار بكاتەوە؟
حزبێك لەبەر سەرقاڵبوونی بە تیرۆری فكری و جەسەدی یار و نەیارەكانی خۆیەوە، نەپرژاوە تەماشایەكی ماددەی (93)ـی دەستوور بكات و تێ بگات كە دادگای بەناو فیدڕاڵی چۆن و بەرمەبنای كام بڕگە دەتوانێت پرسگەلێك كە 100% لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستوورییەكانی كوردستاندایە، دەستكاریی بكات؟
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ :” هێشتا دڵنیا بن كوردستان هەڵبژاردن ئەنجام دەدات، دەسەڵات لە كوردستاندا بە “خۆسەپاندن” نە وەردەگیرێت نە بەردەوام دەبێت.
لە کۆتایشدا دەڵێت :” هۆكاری ئەم “كەین و بەینانەتان” هەرچییەك بێت، فەرمانەكەتان بە هەر زمانێ بۆ دەركرابێ كە ئەم كارانە بكەن، دەستەوایی و دانەوەی قەزر و تەسفەیەی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر بێ، یان بە دیهێنانی ئەو خەونە بێ كە پێشینە و مامۆستاكانتان بردیانە گڵەوە، سەرەنجام هەر دەبێ ئەنجامی تۆڵەی كوردستانیان لەم “لەتە”حزبەی ئێستاتانەوە ببینن.