شێخ زاهیر خەیلانی: یەکێتی لە جیاتی خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، ئێستا خەریکی لە ناوبردن و کوشتنی کادر و فەرماندە سەربازییەکانی خۆیەتی

شێخ زاھیر خەیلانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی:

یەکێتی بەرەو سفربوونەوەی خۆیان

هەموو هەوڵەکانی یەکێتی بۆ بەردەوامبوون لە زۆنەکەییان و دواخستنی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمان بەرەو شکست دەچن. یەكێتی تاوەکوخولی پێنجەمی پەرلەمان و تاوەکو کابينەی (٩)ی حکومەتی هەرێم خۆی بە دەسەڵاتدار دەناسان، ئێستا داباشانیشیان پێ بەرێوەناچێت.

نیشانەکانی سفربوونەوەی یەکێتی زۆرن، نمونەی هەرە سادە ئەوەی ٢/٥/٢٠٢٣ ئەنجامیاندا لە دادگای فيدراڵی عێراقی، سكاڵا لە سەر یەکەم یاسایی هەرێمی کوردستان یاسایی ژمارەی (١)ی ساڵی ١٩٩٢ بکەن دژی سەرۆکی پەرلەمانێک کە خۆیان دایانەوە، کەواتە ئەمە ناوی چی لێبنرێت؟ پەندی پێشينانی کوردی جوانیان فەرمووە (رێوی لە کونی خۆی هەڵگەڕاوە، گەڕ دەبێت). ئێستا دوای (٣١) ساڵ یەکێتی سكاڵا لە دادگای فيدراڵی عێراقی دەکات کە یاسایی ژمارەی (١)ی ساڵی ١٩٩٢ نادەستورییە؟؟ بە هۆی ئەم یاساییە بووە کە یەکێتی توانویەتی بە واقعی زیاتر لە (٣٠) ساڵ حوکمی بەشێکی هەرێمی کوردستان بکات.

هەر یەکێتیە شان بەشانی کۆمەڵ و لە هەمان رۆژ سكاڵا لە دادگای فيدراڵی بەرز دەکەنەوە دژی یاسایی ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ کە پێکهێنەری هەرێم بووە و بە یاسای دەستوری هەرێم هەژماردەکرێت وخۆیان دەنگدەری بوونە. کام قەدەری سەيروسەمەرەیە کە يەکێتی بە ناو سۆشيال ديموکرات لەگەڵ کۆمەڵێکی بە ڕدێن ئايينی و پاشکۆی وڵاتان وا بکات لە هەمان کات و شوێن سكاڵا لە دادگایەکی بەغداد بکەن کە لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە بە نا دەستوری دامەزراوە لە کاتێکدا تانە لە یاسایەک دەدەن کە ١٣ ساڵ پێش دامەزراندنی ئەم دادگایە دەنگی لە سەردراوە. خۆ کورد راستی فەرمووە کە تەیری گول ئاشق بە داری زەقنەبوونە. ئاخۆ چ پاڵنەرێك هەبووە کە رۆژێك پێش دەرچواندنی بڕیارێك لە سەر دەستوریبوون یان نەبوونی درێژکردنەوەی پەرلەمان وا دەکات کە یەکێتی و هاوئاوازەکەی پەنا بۆ ئەم دادگایە بەرن؟

ئێستا یەکێتی لە پێناوی ئەو چەند کەسە سنوردارەی کە دەسەڵاتیان قۆرغکردووە هەموو شتێك دەکەن کە هەڵبژاردنی پەرلەمان نەکرێت. گلۆرەیان کەوتۆتە لێژی، هەڵبژاردن بۆتە مۆتەکەیەك کە شەوان خەو لە چاوی سەرکردایەتییە بە پەنجەژمێردراوەکەیان دەفڕێنێت. ئێستا لە قۆناغێکدان خۆیان سفردەکەنەوە لە دەنگی جەماوەر و بەدەستهێنانی کورسی. یەکێتی لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێدراوەکانی ناو هەرێم و لەگەڵ بەغداد و خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، ئێستا خەریکی لە ناوبردن و کوشتنی کادر و فەرماندە سەربازییەکانی خۆیەتی، ئەمە ناوی چیلێبنرێت جگە لە سفرکردنەوەی خۆیان!!

Back to top button