رێبەر ئەحمەد: عێراق نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵە له‌گه‌ڵ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

ئەمڕۆ پێنج شەممە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی ناوەندێکی UNHCR بۆ هاوکاریکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ پەنابەران، گوتی، پێشبینی دەکرێت ئەم ناوەندە خزمەتگوزاری پێشکەش بە زیاتر لە 100 هەزار پەنابەر بکات کە لە پارێزگای هەولێرن.

وەزیری ناوخۆ ، گوتیشی، لە سەدا 50ـی ئەو پەنابەرانەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێن، بەداخەوە بارودۆخ هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و رێکارەکان وەک پێویست نین، بۆئەوەی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

هەر لە گوتەکەیدا، رێبەر ئەحمەد داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و گوتی، ئەرکی هاوکاریکردنی پەنابەران بۆ حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان جێنەهێڵن.

لەکۆتایشدا وەزیری ناوخۆ باسی لەوەکرد کە، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق زۆر نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵە له‌گه‌ڵ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و بودجەی زۆر گەورەی هەیە، بەڵام بەداخەوە لە بواری ئاوارە و پەنابەر ئەرکی خۆی جێبەجێناکات.

Back to top button