سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بەسەرۆکایەتی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ کرا و بەیەکەوە کۆبوونەوە.

پاش کۆبوونەوەی نێوانیان و بەپێی راگەیەندراوی پێگەی فەرمی حکومەت، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە “پێویستە بە زووترین کات، رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە نەوت جێبەجێبکرێت و هەناردەکردنەوەی نەوت، دەستپێبکاتەوە”.

لە کۆبوونەوەکەدا، یاریدەدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەختی لە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە و لەبارەی پەیوەندییەکانیانەوە دەڵێت: بەردەوام فراوانتر دەبن.

لە کۆبوونەوەکەی نێوان یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەبوون.

Back to top button