لە بارودۆخێکی گوماناویدا کادیرێکی پەکەکە دەکوژرێت
بەپێی زانیارییەكانی خواکوڕک، كەمال هەورامی، كادیری پەكەكە و یەكێك لە نزیكترین كەسەكان لە رێزان جاوید، فەرماندەی كوژراوی پەكەكە، لە رۆژی 11ـی 1ـی 2023، لەنێو ریزەكانی پەکەکە بە چەقۆ دەكوژرێت، بەڵام دواتر پەكەكە لە راگەیاندراوێكدا بانگەشەی ئەوە دەكات كە ”بەهۆی سیخووڕیی ناوخۆییەوە كوژراوە.“
هەر بەپێی زانیارییەکان، كەسوكاری كوژراوەكە داوای روونكردنەوەیان لە پەكەكە كردووە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی گومانی ئەوەیان كردووە كە لە چوارچێوەی ململانێ ناوخۆییەكانی پەكەكەدا كوڕەكەیان بووبێتە قوربانی.
لە بەرامبەر فشارەكانی ئەو خانەوادەیەدا و بۆ ئەوەی بابەتەكە بێدەنگیی لێ بكرێت، ڕۆژی 28ـی نیسانی 2023، پەكەكە لە رێگەی ماڵپەڕی (رۆژنیوز)ـی خۆیەوە، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە و روونیكردووەتەوە كە كوژرانی كەمال هەورامی لەگەڵ كەسێكی دیكە، لە كاتێكدا بووە كە هەردووكیان لەسەر ئەركی خۆیان بوون و بانگەشەی ئەوەی كردووە گوایە ”جاشێكی خیانەتكار“ ئەو دوو كادیرەی كوشتووە.
پەكەكە هەر لە روونكردنەوەكەدا بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ”بەهۆی بارودۆخی زستان، دەرفەتی وەرگرتنی زانیاری کەمە، درەنگ زانیارییەکانمان پێگەیشت و راگەیاندنی ناسنامەی ئەو شەهیدانە درەنگ کەوت، بۆیەش ئێمە سەرەتا داوای لێبووردن لە خانەوادەکەیان و گەلەکەمان دەکەین.“
ئەوەی شارەزای سیاسەتی پەكەكەبێت، ئەوە دەزانێت كە پەكەکە حیزبێك نییە داوای لێبووردن لە هیچ كەسێك بكات، بگرە زۆر جار دوای دوو یان سێ ساڵ لە كوژرانی، ئینجا ناسنامەی بەشێك لە كوژراوەكانی ئاشكرا دەكات، كاتێكیش كەسێك لە بنەماڵەی كوژراوەكە ناڕەزایی دەرببڕێت، لە لایەن پەكەكەوە هەڕەشەی لێ دەكرێت، بۆیە ئەم داوای لێبووردنەی پەكەكەش، هێندەی دیكە گومانەكانی زیاتر كردووە.
#Xwakurk #خواکوڕك