ڤیان سەبری: دەستوور وەکو هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات، نەک وەک پارێزگا

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا بوودجەی گشتی عێراق پەسەندبکرێت و هیچ کیشەیەک بۆ بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان دروستنەبووە.

هەروەها راشیگەیاند، لایەنە کوردییەکان لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەک دەنگن و تا ئێستا پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە ، تاوەکو ئێستا فراکسیۆنە کوردییەکان کۆدەنگن، ئەگەر بڕگەیەک هەبێت بە دڵیان نەبێت، پێویستە بە هەمان شێوە بە کۆدەنگی بڕیاری لەسەر بدەن و تێیپەڕێنن.

لەبارەی ماددەی 12، لە بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، ئەو ماددەیە بە شێوازێکی گشتی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە پرۆژە یاسای بوودجە، و لە دوو بڕگە پێکدێت، وەکو کورد پێشنیازیان کردووە بە شێوازێکی دیکە دابڕێژرێتەوە، کە بە دڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت.

ڤیان سەبری، باسی لەوەشکرد، لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت گەیشتونەتە رێكکەوتن و تەنها هەندێک کێشەی تەکنیکی لە نێوان عێراق و تورکیادا ماوە، پێویستە عێراق بە زوییی چارەسەری بکات لەگەڵ تورکیا.

گوتیشی، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵیە لە ئەگەری درەنگ پەسەندکردنی بوودجە و دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت، هەروەها دەستوور وەکو هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات، نەک وەک پارێزگا بۆیە ئەمەش دەبێت لە بوودجە و یاساکاندا رەنگبداتەوە.

سەبارەت بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق روونیکردەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دژی بە پارێزگای بوونی هەڵەبجە نین، بەڵام پێویستە دەنگی کۆتایی لەسەر بدرێت کە هەڵەبجە ببێتە 19ـەمین پارێزگای عێراق.

Back to top button