شوان زراری: هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكرێ و هیوادارین هیچ لایەنێك ئاستەنگی زیاتر دروست نەكات

شوان زراری، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی  لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ دۆخی ناوخۆی كوردستان، گەڕانەوەی هەموو لایەنەكانی بۆ یەكڕیزی كوردستانی و وازهێنانە لە بەكارهێنانی كارتی فشار و پەنابردنە بەر ئەم و ئەو لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی، بەڵكو پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان، ناكۆكییەكان وەلا بنرێن و هەمووان بۆ عەقڵ و مەنتق بگەڕێنەوە.

روونیشی كردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك گەورەترین حیزبی كوردستان، هەموو دەم لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان كار دەكات و هەر هەنگاوێكیش بەرژەوەندی گەلی كوردستانی تێدا بێت بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە، پارتی دەیگرێتە بەر، بۆیە ”پێویستە لایەنەكانی دیكەش لەگەڵ پارتی دەست لەناو دەست بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.“

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی راگەیاند: ”ئێستا گرنگترین خاڵ كە بەرژەوەندی گەلی كوردستانی تێدابێت، بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، چونكە دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان بە دووبارە دواخستنی هەڵبژاردن دەكەونە كێشەی یاساییەوە، بۆیە پارتی لەم رووەوە پێداگرە لەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت هەروەك بڕیاری لێ دراوە بۆ مانگی 11ـی ئەمساڵ، هیوادارین هیچ لایەنێك لەوە زیاتر ئاستەنگ دروست نەكات و دەرفەت بدرێت گەلی كوردستان جارێكی دیكە نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرنەوە، بۆ ئەمەش پێشوازی لە هەر هەنگاوێك دەكەین بە ئاراستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت، هیوادارین چیتر كەس بیانووی تازە نەگرێت و ڕێكارەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەست پێ بكەن، و پارتی هەموو دەم ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و هیچ كاتێكیش لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبووە، بەڵام ئەگەر لە رابردوودا رازی بووە بەوەی ساڵێك تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، لەبەر داخوازی چەند لایەنێكی هاوپەیمانی پارتی بووە و لەو پێناوە بووە كە لە یەكڕیزی كوردستانی دەرنەچن، بەڵام چیتر ناكرێت بڕ و بیانو بهێندرێتەوە و ”ئیتر ئەمساڵ دەبێ هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بكرێت.“

Back to top button