راگهیاندراوێك لهبارهی دۆخی دارایی ههرێمی كوردستانهوه
ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی 5ـی 2023، راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی کرد لە تیمی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە داراییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.
راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش داوە: تیمەکە لە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و ١٥ دامەزراوەی هەرێمی کوردستان پێک هاتووە و ئەرکی ئەو تیمە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی هەرێمی کوردستانە کە هاوتەریبە لەگەڵ راسپاردەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان لە بواری نەهێشتنی دەرفەتەکانی سپیکردنەوەی پارە و بەدواداچوونی ورد و وشککردنی سەرچاوەکانی پارەدارکردنی تیرۆر.
روونیش کراوەتەوە: وەزیری ناوخۆ سوپاسی تیمی هەرێمی کوردستانی کرد کە بە باشی کارەکان بەڕێوەدەبەن و باسی لە هەوڵەکانی حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی رووندا چەندین ساڵە شەڕی تیرۆر و سەرچاوەکانی داهات و پارەدارکردنی دەکەن و لە بوارەکانی نەهێشتنی دەرفەت بۆ سپیکردنەوەی پارەش هەنگاوی زۆر باش نراون.
دەربارەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ تیمی هەرێمی کوردستانی راسپارد کە هەموو هەماهەنگییەک لەگەڵ تیمی فیدراڵی بکەن و ئەو ڕاسپاردانەی پێویستن لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن، دوای گونجاندنیان لەگەڵ تایبەتمەندیی دامەزراوەکان، بە زووترین کات جێبەجێ بکرێن.
هەروەها باسی لە پڕۆژەیاسای هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئینفازکردنی یاسای فیدراڵی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر کرد کە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسند کراوە و بۆ دەرچواندنی ەوانەی پارلەمانی کوردستان کراوە.