سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا ـــ کوردستان دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 5/9، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا ـــ کوردستان کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، دەیڤد تەفوری سەرۆکی ئەنجومەنەکە کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و پێکهاتەی شاندەکە خستەڕوو.ئامادەیی خۆشیان بۆ برەودان بە کار و وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و باپەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان جێبەجێ کردووە و داوا دەکات حکومەتی فیدراڵیش مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات .
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان . لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە قووڵکردنەوە و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و ئازادی ئایینی و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان دووپات کردەوە.
شاندەکە ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پرۆسەی ڤیزای ئەلیکترۆنیان کرد .