فرسەت سەید شکور: سەرۆک مەسعود بارزانی بە درێژایی ژیانی سیاسیی خۆی ھەر کاتێک تەنگژەیەک رووەو کوردستان ھاتبێت، بە حیكمەت و دڵسۆزیی خۆی، بووەتە فریادڕەس

فرسەت سەید شکور

(سەرکردەی ئاشتی و پێکەوەژیان) ناونیشانی ئەو رێبەرەیە کە تەواوی ژیانی خۆی لەپێناو بەرقەراری سەقامگیری و خزمەتی گەل و خاکەکەی تەرخان کردووە، سەرۆک مەسعود بارزانی بە درێژایی ژیانی سیاسیی خۆی ھەر کاتێک تەنگژەیەک رووەو کوردستان ھاتبێت، بە حیكمەت و دڵسۆزیی خۆی، بووەتە فریادڕەس و داپڵۆسێنەری ئاڵنگارییە سەپێنراوەکان.

دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان، ھەنگاوێکی زۆر نیشتماندۆستیانە بوو، بەتایبەتیش بۆ لایەنە کوردستانییەکان كە بەداخەەوە ماوەیەك بوو، ناتەبایی و ناكۆكیی نێوخۆیی خەریك بوو بەرەو قەیرانی گەورەی دەبرد، ئەمڕۆ لە بارزان، سەركردە هەرە دیارەكانی عێراق و كوردستان و دۆستە دێرینەكانی كورد و نوێنەرانی وڵاتان و سیاسەتوانانی ناوداری دنیا و دەنگە جیاوازەكان لە مەزاری نەمران كۆ بوونەوە، كۆبوونەوەیەك كە ئیلهامی لە رێبازی پیرۆزی بارزانی وەرگرتبوو.

سەرۆک بارزانی، وەک رێبەر و مەرجەعێكی نەتەوەیی لە وتارێکدا ڕووی کردە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و گوتی: نابێ دەرفەتەکان لەدەست بدرێن و دەبێ سوود لە ئەزموونی رۆژانی راپەڕین وەربگرین، بۆیە دڵسۆزانە و برایانە ئەو داوایە ئاراستەی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم كە تەبایی و ئاشتەوایی ساز بكەن و ناوماڵی كودستان یەكگرتوو بێت.

ئەم بانگەوازەی سەرۆک بارزانی لە کاتێکی ھەستیار و ناسکدا، بەدڵنیاییەوە دەبێتە ھەوێنی گۆڕانی دۆخی سیاسیی کوردستان بە ئاراستەی چارەسەری گرفتە کەڵەکەبووەکانی ماوەی رابردوو.

پێشکەوتن و ئاوەدانیی ھەرێمی کوردستان، وەک نموونەیەکی گەورە و جیاوازی ناوچەکە، بە سەرۆکایەتی و رابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی بەس نەبوو بۆ ئەوەی وەک سەرۆکێکی کاریزمی و دونیابین و تێگەیشتوو بۆ تەواوی بابەتەکانی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە بیروڕاکان و جیاوازیی نەتەوەیی و ئایین و ئاینزاکان وێنای بکرێت، بەڵکوو سەردەمی شەڕی داعشی ھاتە سەر، ئەوکات سەرۆک بارزانی وەک پێشمەرگەیەک و ڕابەرێکی نەتەوەیی چووە سەنگەری پاراستنی نیشتمان و تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ یارمەتیدانی ھێزی پێشمەرگە ھێنایە سەر ھێڵ.

نەیارانی کورد سڵی تەواو لە کاریگەریی ئەو دەکەنەوە، بۆیە دڵنیان لەوەی ھەر کاتێک فیکری پیلانگێڕی ھەبێت، مەرجەع و رێبەر و سەرۆکێک ھەیە لە بەرگی پێشمەرگەدا، کە پیاوی مەیدان و سەنگەرە و ئامادەیە لەسەر بستێک لە خاکەکەی خۆی بکاتە قوربانی، هاوكات هەمیشەش دەشتپێشخەریی ئاشتیخوازانەی هەیە، چونکە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانەکەی دەخاتە سەروو ھەموو شتێکەوە.

Back to top button