بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاساییی ئەنجام دەدات
ئەنجومەنی وەزیران دوا پێشهاتەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان تاوتوێدەكات
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:” ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٤ـی ئایاری ٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە.
ئەوەش خراوەتە روو :” لە کۆبوونەوەکەدا، چەند تەوەرێک تاووتوێ دەکرێن، تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە خستەڕووی دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، بابەتی رێکخستنەوەی داراییی گشتی لە هەرێمی کوردستان باسی لێوە دەکرێت.
خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی نیشتمانی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر لە عێراق، تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە دەبێت.