بەڵێن عەبدوڵڵا: پێشوازی و پشتیوانی لە بانگەوازەکەی سەرۆک دەکەین
تا دێت پێشوازی و پشتیوانی حیزب و لاینە سیاسییەكانی كوردستان لە پەیامی دەست پێشخەری بۆ ئاشتەوای و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی دیكە لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان زیاتر دەبێت و سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتگیریی حزبەکەی بۆ بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی و دەڵێت، پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن و بچنە ژێر باری ئەو بەرپرسیارییەوە بۆ ئەوەی بە پڕۆژەیەکی گشتگیر بەرەنگاری گۆڕانکارییەکان ببینەوە.
بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕاگەیاندووە: ” ھەر کێشەیەک ھەبێت تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان مێزی دانوستان و لێک تێگەیشتنە. ئەگەر کێشەی ناو حکوومەت بێت پێویستە لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەر بکرێت، کێشە سیاسییەکانی دیکەیش بە ھەمان شێوە بە دانوستان چارەسەر بکرێن.”
هەروەها سكرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەشڵێت: “پێم وایە ئەو پەیامەی سەرۆک لە کاتێکی زۆر گونجاوە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن و بچنە ژێر باری ئەو بەرپرسیارییەی ئەم قۆناغەی لە ئەستۆماندایە، ئێمە پشتگیری و پێشوازیمان لە بانگەوازەکەی جەنابیان کرد، ئومێد دەکەین تێکرای لایەنە سیاسییەکان ئەو زەمینەسازییە بەکار بێنین بۆ ئەو بەرنامەیەی لە پێشمانە.”