حیزبێکی تریش هەڵوێستی خۆی لەبارەی بانگەوازەکەی سەرۆك بارزانی راگەیاند 

گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پەیامی کاک مەسعود بارزانی بە ئەرێنی دەبینین.

خەلیل ئیبراهیم، رایگەیاند: ”وەک یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەو پەیامەی بەڕێز کاک مەسعود بارزانی بە ئەرێنی تەماشا دەکەین و شتێکی باش بوو، هەرچەندە خۆزگە زووتر بوایە، بەڵام دەستخۆشیی لێ دەکەین.“

گوتیشی: ”ئەو کێشانەی لەنێوان لایەنەکانی دەسەڵات بەتایبەت یەکێتی و پارتیدا هەیە، ئێمە ئومێدەوارین پێکەوە لەسەری دابنیشن و بەرپرسیارانە چارەسەریان بکەن، پێمان خۆشە ئەو گرێ و گرفتانە لەبەر بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان و مەبنای بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکەن، تا بەرژەوەندیی خەڵک پارێزراو بێ و پرۆژەکان نەوەستن.

دەشڵێت: لە دوو روانگەوە پەیامەکەی کاک مەسعود بە ئەرێنی تەماشا دەکەین، یەکەم ئەو کێشانەی لەنێوان ئەو دوو لایەنە سیاسییە هەن، لەپێناو پێگەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا و بە یەک سیاسەت مامەڵە بکەن، دووەم بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان و خزمەتکردنیان، چونکە ئەگەر گرفت هەبێ، بۆ خەڵکیش کێشە دروست دەکات.

Back to top button