مه‌سرور بارزانی: یەکێتی مامۆستایان رۆڵێکی دیار و خەباتێکی درەوشاوەی هەیە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی یادی 61مین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکی هاتووە: بە سوپاس و پێزانینەوە رۆڵی مامۆستایانی کوردستان بەرز دەنرخێنین کە لە قۆناخە جیاواز و سەختەکاندا، درێژەیان بە ئەرکی پیرۆزی خۆیاندا لەپێناو بەردەوامبوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و پێگەیاندنی نەوەکانمان.

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەت :

بەبۆنەی شەست و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان، رۆڵێکی دیار و خەباتێکی درەوشاوەی هەیە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و خەباتی پیشەیی لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی مامۆستایان.

لەم بۆنەیەدا، بە سوپاس وپێزانینەوە رۆڵی مامۆستایانی کوردستان بەرز دەنرخێنین کە لە قۆناخە جیاواز و سەختەکاندا، درێژەیان بە ئەرکی پیرۆزی خۆیاندا لە پێناو بەردەوامبوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و پێگەیاندنی نەوەکانمان.

هیوادارم مامۆستایانی كوردستان، سەرکەوتووانە لە ئەرک و رۆڵی کاریگەری خۆیان بەردەوام بن لە پێناو دروستکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و داهێنەر، بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەموولایەک، کوردستان زیاتر گەشە بکات و لە هەموو بوارەکاندا پێشبکەوێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

Back to top button